له‌ فلته‌ری جگه‌ره‌ جوانترین تابلۆ دروست كرا

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی پاك راگرتنی ژینگه‌ و خاوێن كردنه‌وه‌ی شاردا

له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی پاك راگرتنی ژینگه‌ و خاوێن كردنه‌وه‌ی شاردا،كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك له‌رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندرا بۆ پاك راگرتن و به‌شداری كردن له‌ پاك كردنه‌وه‌ی پاركی ئازادی له‌ فلته‌ری جگه‌ره‌، هه‌ڵمه‌تێك به‌ڕێوه‌ چوو. به‌به‌شداری زیاتر له‌ 30 چالاكوان و ژینگه‌ دۆست، هه‌ڵمه‌تی پاك كردنه‌وه‌ی پاركی ئازادی له‌ فلته‌ری جگه‌ره‌یان رێكخست ، ?هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش زیاتر له‌ دوو كاتژمێر و نیوی خایاند.

دوای ئه‌وه‌ی فلته‌ری جگه‌ره‌كانی نێو پاركه‌كه‌ له‌لایه‌ن 30 چالاكوانی خۆبه‌خشه‌وه‌ كۆكرانه‌وه‌، نزیكه‌ی 100 برۆشوری تایبه‌ت به‌ زیانه‌كانی جگه‌ره‌ و پاك راگرتنی ژینگه‌ و هۆشیاری ژینگه‌یی به‌سه‌ر ئه‌و رێبوارانه‌دا دابه‌ش كران كه‌ سه‌ردانی پاركه‌كه‌یان كردبوو.دوای به‌ڕێوه‌چوونی چالاكیه‌كه‌ ئه‌و فلته‌رانه‌ی كۆكرابوونه‌وه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی سییه‌كانی مرۆڤ هێڵكاریه‌كی لێ دروستكرا، بڕیاره‌ دوای هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باخچه‌كانی سلێمانی، ئه‌و هێڵكارییه‌ له‌ پاركی ئازادی هه‌ڵواسرێت ، ئه‌مه‌ش بۆ رێنمایی كردن و دوور خستنه‌وه‌ی رێبواران له‌ جگه‌ره‌كێشان و پیس كردنی ژینگه‌.چالاكوانی ژینگه‌یی، گۆران دڵشاد سه‌عید ناسراو به‌ گۆرانی نێرگز له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو كاتژمێر و نیودا توانیویانه‌ نزیكه‌ی 10 هه‌زار فلته‌ری جگه‌ره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ راگرتنی پاكو خاوێنی شار و گوتی: “ده‌مانه‌وێت كاره‌كه‌ گه‌وره‌تر بكه‌ین و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه‌ هاوكاری بكرێین بۆ ئه‌نجامدانی كار و چالاكی زیاتر كه‌ خزمه‌ت به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت”.

 سه‌رچاوه‌ / خه‌بات

كوردستان تیڤی /كامران