له‌ هه‌رێمی كوردستان 5 سایلۆ دروست ده‌كرێن

له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكان ده‌بێت

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت حكومه‌ت پێنج سایلۆی تازه‌ له‌ پارێزگاكان دروستده‌كات و هه‌ر یه‌كێك له‌م سایلۆیانه‌ش له‌ توانایدا هه‌یه‌ چل هه‌زار ته‌ن گه‌نم ئه‌مبار بكات. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا دایناوه‌ پێنج سایلۆ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم دروستده‌كرێن. ڕاشیگه‌یاند دروستكردنی پێنج سایلۆی تازه‌ كاریگه‌ری زۆر باشی ده‌بێت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران كه‌ ساڵانه‌ رووبه‌ڕووی جوتیاران ده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌ر سایلۆیه‌ك توانای ئه‌مباركردنی چل هه‌زار ته‌ن گه‌نمی هه‌یه‌ و سایلۆكانی تریش ساڵانه‌ توانای ئه‌مباركردنی پێنجسه‌د و چل هه‌زار ته‌ن گه‌نمیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستی گه‌نمی به‌رهه‌مهێندراوی گه‌نمی ساڵانه‌ی جوتیارانی نه‌بوو، به‌ڵام به‌ دروستكردنی ئه‌م پێنج سایلۆیه‌ كێشه‌ی جوتیاران به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو چاره‌سه‌رده‌كرێت. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ ته‌واوبوونی ئه‌م سایلۆیانه‌ و به‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ ساڵانه‌ حكومه‌تی عێراق گه‌نمی جوتیاران وه‌رده‌گرێت هیچ كێشه‌یه‌ك نامێنێت به‌ناوی وه‌رنه‌گرتنی گه‌نمی جوتیاران، به‌ڵام دروستكردنی سایلۆكان كاتی ده‌وێت و گرنگه‌ به‌زوویی پڕۆژه‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.