له‌ كوردستان تۆماركردنی كۆمپانیاكان زیادیكردووه‌

هیچ ڕۆتینیاتێك له‌ تۆماری كۆمپانیاكان نه‌ماوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری كۆمپانیاكان رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌م ساڵ تۆماركردنی كۆمپانیا ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماركردووه‌، ته‌نها له‌ نۆ مانگی ئه‌مساڵدا هه‌زار و چوارسه‌د و چل و سێ كۆمپانیا تۆماركراون.  به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، له‌ هه‌رێمی كوردستان سی هه‌زار و سه‌د كۆمپانیا تۆمار كراون كه‌ له‌م رێژه‌یه‌ش بیست و شه‌ش هه‌زار و حه‌فتسه‌د و حه‌فتا و نۆ كۆمپانیا نێوخۆیین و سێ هه‌زار و سێسه‌د و بیست و پێنجی دیكه‌ش بیانین. ئاراس شێخ ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند به‌هۆی باشتربوونی دۆخی دارایی و ئارامی هه‌رێمی كوردستان تادێت ژماره‌ی كۆمپانیاكان روو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن و ته‌نها له‌ماوه‌ی نۆ مانگی ئه‌مساڵدا هه‌زار و چوارسه‌د و چل و سێ كۆمپانیای تازه‌ تۆماركراون كه‌ له‌و رێژه‌یه‌ چل و شه‌ش كۆمپانیا بیانین. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا به‌راورد به‌ نۆ مانگی ساڵی رابردوو تۆماركردنی كۆمپانیا به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا شێست و دوو زیادیكردووه‌ ئه‌مه‌ش بۆ پێگه‌ی ئابووری كوردستان سودی باشی ده‌بێت. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان ڕاشیگه‌یاند رۆتینیات له‌ تۆماركردنی كۆمپانیا نه‌ماوه‌ و ئێستا خاوه‌ن كار ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی بیست و چوار  كاتژمێر ناوی كۆمپانیاكه‌ی تۆمار بكات و دایبمه‌زرێنێت، كه‌ ئه‌وه‌شیان ئاسانكاریه‌كی زۆری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت كۆمپانیا دابمه‌زرێنن.