چی له‌باره‌ی نه‌خۆشیی سه‌ده‌فییه‌وه‌ ده‌زانیت؟

له‌ ئه‌نجامی زیادبوونی خانه‌كانی چینی سه‌ره‌وه‌ی پێست ڕووده‌دات

نه‌خۆشیی سه‌ده‌فییه‌، یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشیییه‌ بڵاوه‌كانی پێست، كه‌ له‌ ئه‌نجامی زیادبوونی خانه‌كانی چینی سه‌ره‌وه‌ی پێست ڕووده‌دات، ئه‌م زیاد بوونه‌ش به‌ شێوه‌ی پوله‌كه‌یی له‌سه‌ر رووی پێست ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ناوهێنانی به‌ "سه‌ده‌فی"ـیه‌.

نه‌خۆشیی سه‌ده‌فییه‌ له‌ نه‌خۆشیییه‌ درێژخایه‌نه‌كانه‌، كه‌ به‌پێی كات زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و ره‌نگه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ست به‌ نیشانه‌كانی نه‌كه‌یت، به‌ڵام دواتر ده‌رده‌كه‌وێت، چاره‌سه‌رییه‌كه‌یشی بریتییه‌ له‌ رێگرتن له‌ خێرایی زۆربوونی خانه‌كانی پێست.

ئه‌گه‌رچی تا ئێسته‌ چاره‌سه‌رییه‌كی بنه‌بڕی نییه‌، به‌ڵام چه‌ند جۆره‌ چاره‌سه‌رییه‌ك هه‌ن، ده‌كرێت كۆنترۆڵی نیشانه‌كانی بكرێت و ئه‌وه‌ش وا بكات نه‌خۆشه‌كه‌ ژیانێكی سروشتی هه‌بێت.

نیشانه‌كانی سه‌ده‌فییه‌:

*ده‌ركه‌وتنی په‌ڵه‌ی سوور له‌سه‌ر پێست، كه‌ به‌ پووله‌كه‌ی ئه‌ستووری ره‌نگ جیوه‌یی داپۆشراوه‌.

*په‌ڵه‌ی بچووكی داپۆشراو به‌ توێژ.

* وشكهه‌ڵگه‌ڕانی پێست و ده‌ركه‌وتنی قڵێش كه‌ ڕه‌نگه‌ خوێنیان لێ بێت.

*هه‌ستكردن به‌ خوران یان سووتانه‌وه‌ی پێست.

*زیادبوونی ئه‌ستووری نینۆك و ڕه‌نگه‌ چاڵ و نووك له‌سه‌ر رووی نینۆكه‌كان دروست بێت.

*هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشان ره‌نگه‌ به‌ده‌ست هه‌وكردن و گرێی جومگه‌شه‌وه‌ بناڵێنن.

گرنگه‌ بزانیت كه‌ چه‌ند جۆرێك سه‌ده‌فییه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وان له‌ رووی چڕی نیشانه‌كان له‌یه‌كتر جیاوازن، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و نیشانانه‌ راوێژ به‌ پزیشكی شاره‌زای پێست بكرێت بۆ دیاریكردنی جۆره‌كه‌ی و چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی.

هۆكاره‌كانی سه‌ده‌فییه‌:

توێژه‌ران تا ئێسته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌خۆشیی سه‌ده‌فییه‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زانراوه‌ كه‌ به‌هۆی بوونی كێشه‌ له‌ سیسته‌می به‌رگری له‌شه‌وه‌ رووده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی هێرشكردنی خانه‌كانی به‌رگری له‌ش بۆ سه‌ر خانه‌كانی پێست به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی تێكڕای خانه‌كانی پێست، له‌پاڵ ده‌ردانی كۆمه‌ڵێك ماده‌ی كیمیایی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هاتنی خوێن و دروستبوونی هه‌وكردن و سوورهه‌ڵگه‌ڕانی پێست، هاوكات تا ئێسته‌ زانایان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌و كێشه‌ی له‌ به‌رگری له‌ش رووده‌دات و هۆكاره‌ بۆ نه‌خۆشیییه‌كه‌، به‌ڵام باوه‌ڕ وایه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی تێكهه‌ڵكێشی هۆكاری بۆماوه‌یی و ژینگه‌یی رووده‌دات.

ئه‌و هۆكارانه‌ی ده‌ركه‌وتنی سه‌ده‌فییه‌ زیاتر ده‌كه‌ن:

*په‌تای به‌كتریایی وه‌ك هه‌وكردنی قورگ و نه‌خۆشیی پێست.

*زیانكه‌وتن به‌ پێست به‌هۆی برین و گه‌ستنی مێروو و سووتان به‌ تیشكی خۆر و سترێس.

*جگه‌ره‌كێشان.

*كه‌میی ڤیتامین دی.

*زۆر خواردنه‌وه‌ی ماده‌ كحوولییه‌كان.

*خواردنی چه‌ند جۆرێك ده‌رمان وه‌ك لیسیۆم و ده‌رمانه‌كانی په‌ستانی خوێن و مه‌لاریا.

ده‌توانرێت بوونی ئه‌و نه‌خۆشیییه‌ له‌ مرۆڤ به‌هۆی مێژوو و تۆماری خێزانی و پشكنینی ئیكلینیكی ئاشكرا بكرێت و هه‌ندێكجاریش پزیشك نموونه‌یه‌كی پێست وه‌رده‌گرێت بۆ پشكنینی له‌ژێر وردبیندا.

بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی سه‌ده‌فییه‌ پزیشكان چه‌ند جۆرێك ده‌رمان به‌كارده‌هێنن به‌پێی جۆر و توندی نه‌خۆشیییه‌كه‌ له‌وانه‌ چاره‌سه‌ری شوێنی وه‌ك كرێم و مارهه‌م بۆ حاڵه‌ته‌كانی سووك و ناوه‌ند وه‌ك كۆرتیزۆن كه‌ یارمه‌تی چاره‌سه‌ركردنی هه‌وكردن و سوورهه‌ڵگه‌ڕان و خوران ده‌كات.

*هاوتاكانی ڤیتامین دی، توانای كه‌مكردنه‌وه‌ی خێرایی زۆربوونی خانه‌كانی پێست هه‌یه‌.

*ئه‌نسرالین، ئه‌وه‌یش یارمه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی زۆربوونی خانه‌كانی پێست ده‌دات، هه‌روه‌ها یارمه‌تی لابردنی توێژ و جوانكردنی دیمه‌نی پێست ده‌دات.

*ریتینویدات، هه‌وركدنی پێست كه‌م ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی دروستبوونی هه‌ستیاری پێست بۆ رووناكی، بۆیه‌ پێویسته‌ پێش به‌كارهێنانی راوێژ به‌ پزیشك بكرێت.

*دژه‌كانی كالسینیۆرین، هه‌وكردن و زیادبوونی توێژ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

*ترشی سالسیلیك، یاریده‌ره‌ بۆ رزگاربوون له‌ توێژ.

*قه‌تران، توێژ و خوران و هه‌وكردن كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

*شێداركه‌ری پێست، خوران و وشكهه‌ڵگه‌ڕانی پێست كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران