لەندەن.. تەرمی 39 کۆچبەر لەناو بارهەڵگرێکدا دۆزرانەوە

هێشتا ناسنامەى کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە

رمی 39 کۆچبەر لەناو بارهەڵگرێکدا لە ناوچەیەکی لەندەن دۆزرانەوە بەڵام هێشتا ناسنامەى کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2019، لە ناوچەى ئیسکس لە نزیک لەندەن، پۆلیسی بەریتانیا تەرمی 39 کەسی لەناو بارهەڵگرێکدا دۆزییەوە، شۆفێری بارهەڵگرەکەشی بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکردووە کە پیاوێکی 25 ساڵی خەڵکی ئیرلەندای باکورە.
هاوکات ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن و پەیوەندی بە پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەکەن بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کۆچبەرانە.
پۆلیس دەڵێت، ڕۆژی شەممە بارهەڵگرەکە لە بولگاریاوە داخڵی بەریتانیا بووە بەڵام بەرپرسانی بولگاریا دەڵێن هێشتا نەیانتوانیوە دڵنیا ببنەوە کە ئاخۆ ئەو بارهەڵگرە لە بولگاریاوە گەشتی کردووە یان نا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان 39 هەرزەکار گیانیان لەدەستداوە" بەڵام ئاماژە بە بوونی هیچ ڕزگاربوویەک نەکراوە.
ڕاشیگەیاند، "لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى ناسنامەى تەرمەکان بەڵام چاوەڕێ دەکرێت پڕۆسەیەکی درێژخایەن بێت و شۆفێرەکەش لە ژێر لێکۆڵینەوەى پۆلیسدایە.
هەرزوو بۆریۆس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "ئەوە ڕووداوێکی تراژیدی مەترسیدارە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر خەتم بۆ لێکۆڵینەوەى تەواو لە ڕووداوەکە."
هاوکات بریتی باتل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند کە هەست بە "خەمباری و شۆک" دەکات بەهۆی ئەو هەواڵەوە و داوای لە پۆلیس کرد تەواوی ڕێکارەکان بگرنەبەر بۆ لێکۆڵینەوە.