پوتین و ئەردۆغان لەبارەی رۆژئاوای کوردستان رێککەوتنێکیان واژۆ کرد

پۆلیسی سه‌ربازی رووسیا روو له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن

ئەمڕۆ سێشەممە 22-10-2019، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سەردانی ئەو وڵاتەى كرد.

ڤلادیمێر پوتین و رەجەب تەییب ئەردۆغان لە شاری سوچی لە باشووری رۆژئاوای رووسیا، کۆبوونه‌وە و تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە رەوشی رۆژئاوای کوردستان كرد.

ڤلادیمێر پوتنى سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنی چاره‌نووسساز بۆ ره‌وشی سووریا.

ڤلادمێر پوتین، سەرۆكی روسیا جەخت لەوە كرده‌وه‌، كه‌ كورد بەشێكە لە سوریا و نابێت پشتگوێ بخرێت و ئاماژە بەوەش دەكات، لەگەڵ سەرۆكی توركیا تاوتوێی ئۆپراسیۆنەكانی ئەو وڵاتەیان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان كردوە.

ڤلادمێر پۆتین سەرۆكی روسیا ڕایگەیاند، ئەوان تاوتوێی ئۆپراسیۆنەكانی توركیایان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كردوە و دەڵێت"توركیا ئەو هەنگاوانە بۆ ئەوە دەهاوێت كە ئاسایشی وڵاتەكەی بپارێزێت، ئێمەش لەوە تێدەگەین، نابێت سود لەو جوڵە تیرۆرستیانە وەربگیرێن بۆ بەرژەوەندی تایبەت".

دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان، پوتن و ئه‌ردۆغان كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا و دواتر سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌ رووسی و مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌ توركی خوێنده‌وه‌.

هه‌ردوولا وتیان" هه‌ردوو وڵات جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جوداخوازی ده‌كه‌نه‌وه‌و پابه‌ندن به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.

هه‌روه‌ها رایانگه‌یاند" ئه‌و ره‌وشه‌ی دوای ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی توركیا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ردوو وڵات به‌رده‌وام ده‌بن له‌ شه‌ڕی تیرۆر.

راشیانگه‌یاند" له‌ كاتژمێر 12ی ئه‌مشه‌وه‌وه‌ تا 150 كاتژمێری دیكه‌، ئاگربه‌ست به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ ناوچه‌ی ئارام نه‌مێنن و به‌ قوڵی 10 كیلۆمه‌تری دیكه‌ بكشێنه‌وه‌.

ئاماژه‌یان به‌وه‌ش دا ، كه‌ پۆلیسی سه‌ربازی رووسیا روو له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، بۆ چاودێریكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان، جگه‌ له‌ قامیشلۆ. دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كانیش، ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی رووسی و توركیی پێكده‌هێنرێن بۆ چاودێری كردنی ره‌وشی ناوچه‌كه‌.