ماکرۆن و پوتین به باش دەزانن ماوەی ئاگربەست له رۆژئاوای کوردستان درێژبکرێته‌وه‌

ماکرۆن و ئەردۆغان به‌جیا له‌گه‌ل پوتین دۆخى رۆژئاوای کوردستان تاوتوێده‌كه‌ن

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزی)، رایگه‌یاند" ئیمانویڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا کردو له‌سه‌ر دۆخى رۆژئاواى كوردستان قسه‌یان كردووه‌ و به‌ باشیان زانیوه‌  ماوەی ئاگربەستى توركیاو ئه‌مریكا  درێژبکرێته‌وه‌، كه‌ چه‌ند كاتژمێرى تر كۆتایی دێت.

ئیمانوێڵ ماکرۆن لە پەیوەندییەکەیدا، جەختی لەسەر چارەسەری سیاسی بۆ رەوشی رۆژئاوای کوردستان و سووریا وەک باشترین بژارده‌ کردووە.

ktv

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ هه‌ر لەبارەی رەوشی رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 22-10-2019، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەسەر بانگهێشتی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، سەردانی ئەو وڵاتەى كرد.

ڤلادیمێر پوتین و رەجەب تەییب ئەردۆغان لە شاری سوچی لە باشووری رۆژئاوای رووسیا، کۆبوونه‌وە و تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە رەوشی رۆژئاوای کوردستان كرد.

ئەو سەردانەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ رووسیا دوای هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دێت، كه‌ له‌ به‌روارى 9-10-2019، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد.