په‌كه‌كه‌ له‌باره‌ی كوژرانی دوو كادره‌كه‌ی له‌ شاخی گۆیژه‌ی سلێمانی ڕاگه‌ێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ی ئاشكرا كرد

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌كه‌ پشتڕاستی ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌ی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ئێواره‌ی 15ی ئه‌م مانگه‌ دوو كادری پله‌ پاڵای كه‌جه‌كه‌ به‌ ناوه‌كانی (ده‌مهات عه‌گید و جه‌میل ئامه‌د) له‌ چیای ئه‌زمه‌ڕ كرانه‌ ئامانج.

له‌ ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه‌: هه‌ردوو هه‌ڤاڵی ئێمه‌ له‌ سلێمانی به‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی ئاسمانیی به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی توركیا شه‌هید كراون.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: ڕۆژی 15ی ئۆكتۆبه‌ری 2019 له‌ شاخی گۆیژه‌ دوو كادیری پله‌ باڵای پارتی كۆماجڤاكێی كوردستان كرانه‌ ئامانجی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان و به‌هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.