داوای دروستكردنی كامپه‌ینێكی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا ده‌كرێت

داوای دروستكردنى په‌یوه‌ندی له‌ نێوان په‌رله‌مانی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌وروپا بۆ پێشخستنی كاری په‌رله‌مانی ده‌كرێت


 د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكى په‌رله‌مان و منى نبی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، پێشوازییان كرد له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپی كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئه‌ڤین ئینجیر په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا و كادر كه‌سیرگه‌ په‌رله‌مانتاری سوید.

له‌دیدارێكدا تاووتوێی بارودۆخی گشتیی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ره‌وشی سیاسی و ئابووریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌بارودۆخی رۆژئاڤای كوردستان كراو هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ فشار خستنه‌سه‌ر وڵاتی توركیا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێزو وه‌ستاندنی بۆردوومانه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕو كاولكاری له‌ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كار بكرێت بۆ دروستكردنی كامپه‌ینێكی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا بیروڕای خۆیان ئاڵوگۆڕكرد له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی سویدو هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ كار بكرێت له‌سه‌ر دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان په‌رله‌مانی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌وروپا بۆ پێشخستنی كاری په‌رله‌مانی و چه‌سپاندنی زیاتری بنه‌ماكانی دیموكراسی.