مه‌كسیك ... پێكدادان له‌ نێوان سوپا و چه‌ته‌كان هه‌شت كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌

١٦ی دیكه‌یش برینداربوون


له‌ ئاكامی شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان چه‌ته‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌و سه‌ربازانه‌ی هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیان ده‌كرد بۆ ده‌ستگیركردنی كوڕی سه‌رده‌ستی چه‌ته‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، خواكین گوزمان له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شاری كولیاكان سەربە پارێزگای سینالوا له‌ مه‌كسیك، هه‌شت كه‌س كوژران و ١٦ی دیكه‌یش برینداربوون.

چه‌ته‌كان هێرشیانكرده‌ سه‌ر ئه‌و سه‌ربازانه‌ی هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیان ده‌كرد بۆ ده‌ستگیركردنی كوڕی سه‌رده‌ستی چه‌ته‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر خواكین گوزمان، ئۆڤیه‌دیۆ گوزمان. هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاره‌كه‌ په‌نایان برده‌ به‌ر توندوتیژی.

سووتاندنی ئۆتۆمبێله‌كانی سه‌ر شه‌قام و ته‌قه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی له‌ دامه‌زراوه‌ گشتییه‌كان، شوێنكار و هاووڵاتییانیش له‌ لایه‌ن چه‌ته‌كانه‌وه‌، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ٥١ حوكمدراو له‌ زیندان هه‌ڵبێن.

دوای رووداوه‌كان لیژنه‌ی ئه‌منی كۆبوونه‌وه‌ی له‌ناكاوی ئه‌نجامدا و بڕیاریدا گوزمان ئازاد بكرێت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكشێنێته‌وه‌.

سكرتێری به‌رگری نیشتمانی، لویس كرێسێنسیكۆ ساندۆڤاڵ رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئاكامی پێكدادان و كرده‌ توندوتیژییه‌كاندا پێنج چه‌ته‌، یه‌ك پاسه‌وانی نیشتمانی، یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ركراو و هاووڵاتییه‌كی سڤیل گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ١٦ كه‌سیش برینداربوون كه‌ زۆربه‌یان كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن.

ساندۆڤاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌ ١٤ خاڵه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ویستوویانه‌ هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ن له‌ ده‌ستگیركردنی گوزماندا و ١٧ رێگای شاره‌كه‌یشیان به‌ رووی چه‌ته‌كاندا داخستووه‌.

سه‌رۆكی مه‌كسیك، مانوێل لۆپیز ئۆربادۆر له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاند "نابێت ده‌ستگیركردنی یه‌ك تاوانبار ببێته‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی خه‌ڵك. پشتگیری بڕیاری لیژنه‌ی ئه‌منی ده‌كه‌م. مه‌رگ و شه‌ڕمان ناوێت".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ پارێزه‌ری خانه‌واده‌ی گوزمان، خوان پابلۆ ڤادیڵۆ رایگه‌یاند كه‌ ئۆڤیه‌دۆ گوزمان ئازاد كراوه‌ و ره‌وشی ته‌ندروستیشی باشه‌.