كوردێکی شاری هه‌ولێر وه‌ك باڵوێزی ئـەمریکا لە بولگاریا ده‌ستبه‌كاربوو

دوای ئه‌وه‌ى لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەستنیشان کرا

‎ڕۆژی ١٦ی ئـۆکتۆبەری ٢٠١٩ ھێرۆ مستەقا بە ئـامادەبوونی جان سولیوان یاریدەدەری وەزیری دەرەوە سوێندی یاسایی خواردو لە بولگارستان وەکوو باڵوێزی ئـەمریکا دەست بەکار بوو.

‎بۆ یەکەم جار لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کوردێک بە ناوی هێرۆ قادر محەمەد ئەمین موستەفا وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە کۆماری بولگاریا لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە دەستنیشان کرا.

‎ئەو خاتوونە خەڵکی شاری هەولێرە و چەندین بەرپرسیارەتی لە حکوومەتی ئەمەریکا هەبووە. لە ساڵی ٢٠١٦، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە وڵاتی پورتوگال کاری کردووە و راوێژکاری سیاسی بووە لە باڵیۆزخانەی نیودێلهی لە هیندستان.

‎لە ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١، راوێژکاری جۆ بایدن بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی و باشووری ئاسیا بووە.

‎هێرۆ یەکێک بووە لەوانەی، لە نزیکەوە چاودێری دانووستانەکانی گروپی ٥ زێدە ١ی لەگەڵ ئێران کردووە. لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئێران، ئیسرائیل – فەڵەستین و ئوردن بووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ئەرکێکی سیاسی لە شاری مووسڵ کاری کردووە و چەند بەرپرسیارەتی سیاسی لە لوبنان و یۆنان و ئەفغانستانیش هەبووە.

‎ئەو سیاسییە کوردە، لە ویلایەتی نۆرس داکۆتا ژیانی بەسەر بردووە و جیا لە ئینگلیزی، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هیندی و پورتوگالی دەزانێت و لە زانکۆی پرینستۆن ماستەری لە خزمەتگوازاری 
‎سیاسەتی دەرەوە بەدەستهێناوە.

‎هێرۆ مستەفا لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٣ لە شاری هەولێرە و کچی تێکۆشەری دێرین عەبدولقادر محەمەد ئەمین، دامەزرێنەر و  سەرنووسەری رۆژنامەی بارزانە کە لە ئەمەریکا دەردەچوو.

مستەر_کورد