مستەفا سەید قادر: هەرێمى کوردستان زەمینەیەکى لەبارى وەبەرهێنانى بیانییە

له‌ کۆنفرانسی (هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ـ هاوبەشى ئاشتى و پەرەسەندن)

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 14/10/2019 لە هەولێر بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشداریى کۆنفرانسی (هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ـ هاوبەشى ئاشتى و پەرەسەندن)ى کرد کە بە هاوکاریى نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا و ئەنجومەنى بزنسى ئەمەریکا ـ کوردستان و زانکۆى کوردستان ـ هەولێر ڕێکخراوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانى حکوومى و پیاوانى کارى ئەمەریکى و هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون.

بەڕێزیان وتارێکى پێشکەش کرد کە تیایدا هەرێمى کوردستانى بە زەمینەیەکى لەبار بۆ سەرمایەگوزارى و وەبەرهێنانى بیانى لە قەڵەم دا و جەختى لە ئامادەییى هەرێمى کوردستان بۆ هەموو ئاسانکارییەک بۆ کەرتى تایبەت و وەبەرهێنانى بیانى کردەوە.

ئەمە دەقەکەیەتى:
 
ئامادەبووانى بەڕێز، ئەم کاتەتان باش و هەمو لایەکتان بەخێربێن...

بەخێرهاتنی تایبەتى ئەندامانی ئەنجومەنی بزنسی ئەمەریکاـ کوردستان (USKBC) و نوێنەرانی کۆمپانیا بەشدارەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم، کە لە ئەمەریکاوە هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان. خۆشحاڵم ئەمڕۆ پێکەوە، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئامادەی ئەم کۆنفرانسەین، کە بە هەماهەنگیی نوێنەرایەتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا و کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و زانکۆی کوردستان لە هەولێر، ڕێکخراوە.

دەستخۆشیی ئەم دەستپێشخەرییەیان لێ دەکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم. بەڕێزان ئاشکرایە، پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی، یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکیانەی، کە ڕۆڵی کاریگەری هەیە لە بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان وڵاتان و گەلانی جیهاندا، وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریش گەورەترین دەروازەن بۆ هەنگاونان بەرەو دۆستایەتی و پەیوەندیی دروست و بەهێزی بەردەوام لەنێوان وڵاتان و گەلاندا. هەرێمی کوردستان، وەک چۆن بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە هەموو ئەو پشتیوانی و هاوکارییە سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی، ئابووری و مرۆییانەی، کە لەلایەن وڵاتانی دۆستەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکەماندا پێشکەشی کراون، بە هەمان شێوە و بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە کار و هەڵوێستی هەموو ئەو کۆمپانیا بیانیانەى لەگەڵ کەرتی تایبەتی نێوخۆدا سەرمایەگوزارییان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە پرۆسەی بنیاتنان و گەشەپێدان و پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا.

ئەم کارانە جگە لە کاریگەریی ئەرێنییان لە بواری ئابووری و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی گرنگیش دەبینن لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، وێڕای پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەى نێوان گەلى کوردستان و گەلانى تر. ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە و هەمیشە بە ڕێزەوە ستایشی هاوکاری و پشتگیریی ئەمەریکامان کردووە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. پشتگیریی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆر، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە شکستپێهێنانی تیرۆر و پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئێمە پێکەوە بەرگریمان لە بەها هاوبەشەکانی ئازادی و ژیان و شارستانیی و مرۆڤایەتی کرد. پێکەوە لە یەک بەرەدا، لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری، پێکەوەژیان، لێبوردەیی و دیموکراسیدا، سەنگەرمان لە دوژمنانی شارستانی و ژیان و مرۆڤایەتی گرت و شکستمان پێهێنان. پێکەوە قوربانیمان دا، لێرەوە بەوپەڕی ڕێزەوە، لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، یادی قوربانیانی سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەکەینەوە.

چەندین کۆمپانیای ئەمەریکی لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێنان و بازرگانیدا لێرە کاریان کردووە.

پێزانینی زۆرمان بۆ ئەوان هەیە، کە لە دۆخی سەخت و هەستیاری ڕابردوودا، لە هەرێمى کوردستان بەردەوام بوون و بەجێیان نەهێشتین. بە دڵنیاییەوە بەشداریی زیاتری کۆمپانیا و سەرمایە و وەبەرهێنانی ئەمەریکی، پەیوەندییەکانی نێوان گەلی ئەمەریکا و گەلانی ئەم ناوچەیە پتەوتر دەکات. بەڕێزان هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، بەردەوام کارمان کردووە و بەردەوامیش دەبین بۆ دەستەبەرکردنی زیاتری ئاسانکاری، پشتگیری و هاوکاری بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاران، بە جۆرێک هەست بە دڵنیایی و گەرەنتی بکەن، کە لە ژینگەیەکی یاسایی و کارگێڕیی تەندروستدا وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری دەکەن و هەموو مافێکیان پارێزراو دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان هان دەدەین، بۆ ئەنجامدانی هەرچی پێویست بێت بۆ کارئاسانی و زەمینەسازیی زیاتر بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان. کار و پرۆژەکانتان وێڕای دابینکردنی دەرفەتی کاری زیاتر لە هەرێمەکەمان، ڕایەڵەکانی پەیوەندیی نێوان گەلەکانیشمان زیاتر و بەهێزتر دەکەن. گەلی کوردستان بە سروشت کۆمەڵگەیەکی کراوەیە، مەیلی لە بنیاتنانی پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. دڵنیاین کە بەردەوامی و بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، پاڵنەرێکی گرنگ دەبێت بۆ سەقامگیری و گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

باشبوونى پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و حکوومەتى فیدرالى عیراق ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر چالاکیی ئابووری و سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق. ئێوە و هەموو ئەوانەى دەیانەوێت لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى بکەن، دەتوانن هەرێمى کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ تەواوى عێراق بەکار بهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش هەرێمى کوردستان هەموو هاوکارى و ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات. ئاماده‌بووانى به‌ڕێز ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق دواى قۆناغى شه‌ڕى تیرۆر و تێكشكاندنى داعش، ڕوومان له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانى ژێرخان و بره‌ودانه‌ به‌ په‌یوه‌ندیى ئابوورى و بارزگانى‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان، بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئارامى و ساقامگیرى پێویسته‌.

به‌داخه‌وه‌ ئێستا به‌هۆى ئۆپه‌راسیۆن و پێكدانانه‌‌ سه‌ربازییه‌كانى رۆژئاوا (ڕۆژهه‌ڵاتى فورات له‌ سووریا)، ئاڵۆزى له‌ ناوچه‌كه‌ هاتۆته‌ كایه‌وه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ دڵگرانى و نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانین و پێمان وایه‌ شه‌ڕ و پشێوى، ته‌نیا ئاڵۆزییه‌كان زیاتر ده‌كه‌ن و ده‌سكه‌وته‌كانى تێكشكاندنى داعش ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌كى جددییه‌وه‌ و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دێنێتە ئاراوە.

بۆیه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كه‌ین ڕۆڵى خۆى له‌ ڕاگرتنى شه‌ڕ و گێڕانەوە‌ى ئاشتى و ئارامى بگێڕێت و ئێمه‌ش بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك له‌پێناو ئاشتیدا ئاماده‌ین. لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی ڕێکخستنى ئەم کۆنفرانسەتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. جێی خۆیەتی سوپاسێکی گەرمی ئەنجومەنی بزنسی ئەمەریکا ـ کوردستان (USKBC).