وەزیرى کشتوکاڵ: لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک لە هەوڵى هەناردە کردنى بەرهەمى ناوخۆییداین

لەگەڵ سێ کۆمپانیای بیانی لە گفتوگۆدان بە مەبەستی هەناردە کرنی بەرهەمی کێڵگەیی و باخداری ناوخۆیی کوردستان


وەفدى تۆرى ریکخراوەکانى هەڵەبجە رايانگەیاند: چاوى پڕ پێزانینیان لەسەر وەزیرى کشتوکاڵە، لە پاى ئەو خزمەت و کۆششە زۆرەى تەنیا لە ماوەى کەمتر لە سێ مانگى دەستبەکاربوونیدا پێشکەشى کردووە، لە پێناو لابردنى لەمپەرەکانى بەردەم گەشەى کەرتى کشتوکاڵ و پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی و ئاسانکاریی بۆ جووتیاران و هاندانیان بۆ زیاد کردنى بەرهەمەکانیان. هەروەک ئەو پەڕى هاوکارى و پشتیوانى رێکخراوەکانیشان بۆ پشتگیرى وەزیر و وەزارەتى کشتوکاڵ دووپاتکردەوە.

 بیگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە دیوانى وەزارەت لەگەڵ تۆڕی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پارێزگاى هەڵەبجە کۆبوەوە و گفتوگۆ کرا دەربارەی ڕێکخستن و پێویستییەکانی فیستڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە وەک چالاکییەکی بازاڕگەری بەرهەمی هەناری ناوخۆیی لە سنوورى ئەو پارێزگایە. کە لە هەمان کاتدە چالاکییەکى ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتوریشە و ئەمساڵیش بە سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ رێکدەخرێت.

وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو مژدەى دایە تۆڕی ڕێکخراوەکان و باخدارە هەڵەبجەییەکان کە لەگەڵ سێ کۆمپانیای بیانی لە گفتوگۆدان بە مەبەستی هەناردە کرنی بەرهەمی کێڵگەیی و باخداری ناوخۆیی کوردستان و یەکێک لەوسێ کۆمپانیایە چاوی لەسەر هەناری هەڵەبجەیە بۆ هەناردە کردنی بۆ بازاڕەکانی وڵاتان. لە حاڵێکدا ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن دەتوانرێت سوود و قازانجی زۆر بۆ جووتیاران و خاوەن باخەکان دەستەبەر بکرێت و بەو هۆیەوە پەرە بە بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی بدرێت.