خامنەیی: دوژمنان هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ناكۆكی ده‌ده‌ن له‌ نێوان ئێران و عێراقدا، به‌ڵام ناتوانن سه‌ركه‌وتووبن

له‌ پیلانه‌كانیان شكست ده‌هێنن

رێبه‌ری باڵای ئێران، عه‌لی خامنه‌یی رایگەیاند كه‌ دوژمنان هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ناكۆكی ده‌ده‌ن له‌ نێوان ئێران و عێراقدا، به‌ڵام ناتوانن سه‌ركه‌وتووبن.

له‌ تویتێكیدا كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر بڵاویكردووەتەوە، خامنه‌یی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ كردووە كه‌ له‌ چه‌ند شارێكی عێراق به‌تایبه‌تی به‌غدای پایته‌خت دژبه‌ حكوومه‌ت درێژه‌ی هه‌یه‌.

خامنه‌یی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووەتەوە كه‌ گه‌لی ئێران و عێراق به‌ستراون به‌یه‌كه‌وه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش رۆژ له‌ دوای رۆژ به‌هێزتر ده‌بێت و گوتی: ''دوژمنان هه‌وڵی نانه‌وه‌ی ناكۆكی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتوانن سه‌ركه‌ون و پیلانه‌كانیان شكست ده‌هێنێت''.

به‌ هۆی ''گه‌نده‌ڵی، بێكاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری'' له‌ یه‌كی تشرینی یه‌كه‌مەوە خۆپیشاندان له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و شاره‌كانی باشووری ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و درێژه‌ی هه‌یه‌.

له‌و خۆپیشاندانانه‌دا تا ئێستا ١٠٤ كه‌س لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کوژراون و شه‌ش هه‌زار و ١٠٧ی دیکەیش برینداربوون.