حەلبوسی: دەبێت حكومەت پێشینەی خانوبەرە بۆ هاووڵاتیان دابین بكات

لە ناو بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكرد


ئێوارەی ئەمڕۆ شه‌ممه‌، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە ناو بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند: دەبێت حكومەت پێشینەی خانوبەرە بۆ هاوڵاتیان دابین بكات.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: ئەركی حكومەتە پێشینە بۆ یەكەی نیشتەجێبوون دابین بكات و دەبێت پارەی پێویست لەچوارچێوەی بودجە دابین بكات، پلان هەیە لەناو بودجەدا پلەی دامەزراندن بۆ خاوەن بڕوانامەكان دیاری دەكرێت و دەبێت حكومەت ئەنجوومەنی راژەی فیدڕاڵی كارا بكات و دوور لە دەستێوەردانی حزبی دامەزراندن دەستپێبكاتەوە و گرێبەستەكانیش بەپێی پلانێكی روون بكاتە هەمیشەیی.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق گوتیشی: بەهۆی باشبوونی دۆخی كشتوكاڵ و زیادبوونی بەرهەمەوە حكومەت لە قەرز و پێشینەی كشتوكاڵی خۆشدەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد گەندەڵی زۆر لە پڕۆژەكان هەیە و بەڵێندەرەكان مافی خۆیان پێ‌ نادرێت و بەوهۆیەوە بەشێكی پڕۆژەكان تەواو نەبوون بەتایبەتی لە كەرتی تەندروستی.

حه‌لبووسی رایگه‌یاند: دەبێت زیانلێكەوتووانی تیرۆر قەرەبوو بكرێنەوە و مووچەی شایستەیان بۆ ببڕدرێتەوە، دەبێت ئاستی كەمترین مووچەی خانەنشینی زیاد بكەین و بۆ ئەوەش یاسای خانەنشینی هەموار دەكەینەوە و ئەگەر لەمساڵیشدا فریا نەكەوتین ئەوا لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020 جێگەی دەكەینەوە.

دەربارەی خانەنشینی گوتی: دەبێت ئاستی كەمترین مووچەی خانەنشینی زیاد بكەین و بۆ ئەوەش یاسای خانەنشینی هەموار دەكەینەوە و ئەگەر لەمساڵیشدتا فریا نەكەوتین ئەوا لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2020 جێگەی دەكەینەوە.

ئاشكراشی كرد، كە ملیۆن و نیوێك خێزان هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە و دەبێت لەچوارچێوەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی مووچەی شایستەیان پێ‌ بدرێت و گوزەرانیان باش بكرێت و وتیشی، دەبێت مووچە بۆ خێزانە هەژارەكان ببڕدرێتەوە و بەشێكی مووچەی پلە باڵاكانیش ببڕدرێت.

حەلبووسی ئاماژەی كرد، زەوی نیشتەجێبوون دەدرێتە كەسانی شایستە و قەرزی بێسوودیشیان پێ دەدرێت، جیا لە كردنەوەی دەرگەی وەبەرهێنان بۆ كەرتی نیشتەجێكردن و هەموو ئەو كرێیانەی لەسەر جووتیارانیش هەیە بەسفر دەكرێت و ئەو بەرهەمانەش لە هاوردەكردن دەوەستن كە جووتیاران دەیچێنن. جیا لە بڕیاردان لەسەر ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵ و دوورخستنەوەی لە دەستوەردانی سیاسی.

 محه‌مه‌د حه‌لبوسی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، له‌رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دادوه‌رییه‌وه‌ كاری جددی ده‌كه‌ن بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عیراقه‌و وڵات پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی سه‌روه‌ركردنی یاساو لێپرسینه‌وه‌و دادگاییكردنی گه‌نده‌ڵكاران له‌ هه‌ر پله‌و پایه‌و پۆستێكدابن.