تره‌مپ: رژێمی ئێران گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاسایشی جیهان

تره‌مپ: هیوادارین ناچار نەکرێین هێز بەکاربهێنن

ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشەممە كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌ شارى نیۆیۆركی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیپێكرد و له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا ئه‌نتۆنیۆ گۆتریچ، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وتارێكدا هۆشداریی دا له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێك له‌ ناوچه‌ی كه‌نداو ، كه‌ جیهان ناتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ى بگرێت.

دواتر له‌ وتارێكى نیو كاتژمێریدا، دۆنالد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند"  ئه‌مه‌ریكا خاوەنى بەهێزترین سوپایە لەسەر ئاستى جیهان و وتى" هیوادارین ناچار نەکرێین هێز بەکاربهێنن، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئێران و نەیارانى دیکەى ئه‌مه‌ریكا.

لەبارەى بڕیارى کشانەوەى وڵاتەکەى لە رێککەوتنى ئەتۆمى ئێران و (5 + 1)، دۆناڵد ترەمپ هێرشى کردە سەر ئەو وڵاتە و لەگەل تۆمەتبارکردنى بە گرژى و ئاڵۆزییەکان لە یەمەن و سوریا، وتى" تاكو ئێران نەبێتە خاوەن چەکى ئەتۆم لە رێککەوتنەکە کشاینەوە، بۆیه‌ پێویستە بە هەموو شێوەیەک رێگرى لەوە بکرێت ئێران ببێتە خاوەن چەکى ئەتۆمیى". هاوکات بەپێویستى زانى کۆریاى باکوریش دەست لە هەنگاوەکانى هەڵبگرێت بۆ بوونى بە خاوەنى چەکى ئەتۆمیى.

تره‌مپ راشیگه‌یاند" رژێمی ئێران گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاسایشی جیهان و داوای لەتاران کرد بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە و پاش چوار دەیە لەشکست، ئێستا کاتی ئەوەیە سەرکردەکانی ئێران هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن کۆتایی بە هەڕەشەکردن لەوڵاتانی دیکە بهێنن.

وتیشی" لەوەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆسەر کۆمپانیای ئارامکۆ، زۆرترین سزایان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە و بانکی نیشتیمانی ئەو وڵاتەیان خستووتە لیستی ڕەشەوە.

دۆناڵد ته‌رمپ هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند" ده‌مانه‌وێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوردا هاتۆته‌ كایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئێرانیش دروست ببێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئێران ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ پێگه‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێران زۆر به‌هێزه‌.