یه‌كه‌مین دیداری سینه‌مای كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ چوو

ده‌كرێ ئێمه‌ فیلم بكه‌ین به‌ فاكته‌رێك بۆ ململانێی گه‌لان و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بین

یه‌كه‌مین دیداری سینه‌مایی كه‌ركووك، كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری كه‌ركووك و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و ھونه‌ری سلێمانی ڕێكخرابوو، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌دیبان و ھونه‌رمه‌ندانی ھه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك و به‌شێك له‌ ھونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب كه‌ وه‌ك میوان به‌شداربوون له‌و دیداره‌دا و بۆ ماوه‌ی 2 ڕۆژیش به‌رده‌وام بوو، كه‌ له‌ كۆی 60 فیلم 10 فیلم ده‌سنیشان كرابوو بۆ ڕێزلێنان و خه‌ڵاتپێدان.

 له‌ سه‌ره‌تای به‌ڕێوه‌چوونی دیداره‌كه‌دا، وتاری ڕێكخه‌رانی دیدار خوێنرایه‌وه‌.

(سه‌ردار زه‌نگه‌نه‌) سه‌رۆكی دیداری سینه‌ماییه‌كه‌ی كه‌ركووك له‌ ئاخاوتنێكی بۆ (ھه‌ولێر) گوتی: دیاره‌ له‌ سۆنگه‌ی ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره‌ وه‌60 فیلممان به‌ده‌ست گه‌یشت، دواتر به‌پێی ھه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌رھه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كان، 10 فیلم ده‌سنیشان كرا بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ یه‌كه‌م و دووه‌م نیه‌، به‌ڵكو خه‌ڵات ده‌به‌خشرێته‌ ھه‌موو فیلمه‌ به‌شداربووه‌كان، مه‌به‌ستی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھونه‌ری سینه‌ما له‌و شاره‌ زیندوو بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ پێشووتردا مێژووێكی جوانی ھه‌یه‌ له‌ بواری سینه‌مادا، ھه‌ر له‌ په‌راوێزی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره‌شدا زنجیره‌یه‌ك كۆڕ و سیمینار بۆ ھونه‌رمه‌ندان و ڕه‌خنه‌گران به‌ڕێوه‌ چوو له‌وانه‌ش (پشتیوان عه‌بدوڵا)ـی ڕه‌خنه‌گر له‌ كۆڕێكدا ڕه‌خنه‌ و پێشنیاری خۆی له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دیداره‌كه‌ خسته‌ ڕوو، له‌ دوای ئه‌ویشدا ھونه‌رمه‌ند (فه‌رزین كه‌ریم) به‌ ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی خۆی له‌ بواره‌كه‌دا تێبینیه‌كانی خۆی باس كرد.

ھاوكات (بابه‌كر دڕه‌یی) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونه‌ری سلێمانی ڕایگه‌یاند، ده‌كرێ ئێمه‌ فیلم بكه‌ین به‌ فاكته‌رێك بۆ ململانێی گه‌لان و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بین، چونكه‌ له‌ دنیادا ھونه‌ر بووه‌ته‌ ڕێگه‌یه‌ك بۆ خۆناساندن و ئاشنابوون به‌ گه‌لانی جیهاندا.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران