ئەمساڵ سەرمایەی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان 2 ملیار دۆلار زیاتره‌

وەبەرهێنەرانی کەنداو دەستیان بە ئەنجامدانی پڕۆژە کردووە

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، ده‌ڵێت بە ئاستێکی دڵخۆشکەر وەبەرهێنان لە هەولێر زیادیکردووە، کە تەنیا ئەمساڵ سەرمایەی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان دوو ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێ. ئاشکراشیدەکات، وەبەرهێنەرانی کەنداو دەستیان بە ئەنجامدانی پڕۆژە کردووە و بڕیارە ئەمەریکییەکانیش پڕۆژە وەربگرن.  ئاماژەی به‌وه‌شدا، ئەمساڵ پڕۆژەی زۆرباش لە هەولێر مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە،پڕۆژەی پیشەسازیی باش مۆڵەتیان پێدراوە، هەروەها چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئه‌مساڵ ساڵی پڕۆژە پیشەسازییەکان دەبێت، چونکە ئاراستەی حکوومەت و هێڵە گشتییەکانی حکوومەت و کابینەی تازە، زیاتر گرنگی بە سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری دەدات.سامان عاره‌ب لەبارەی ژمارەی مۆڵەتی پڕۆژەکان ڕایگه‌یاند بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ساڵ چل و پێنج بۆ په‌نجا مۆڵەتی ئەو پڕۆژە جیاوازانە بدرێت، لە سەرەتای ئه‌مساڵ تاوەکوو ئێستا ئەو مۆڵەتانەی دراون، یەک ملیار و شه‌شسه‌د ملیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە، تا کۆتایی ساڵ ئومێد دەکەین سەرمایەی مۆڵەتەکان دوو ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.