ئه‌فغانستان.. له‌ هێرشێكی به‌هه‌ڵه‌ 30 كرێكارى كێڵگه‌یه‌ك كوژران و 40ـی دیكه‌ش برینداربوون

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌

به‌پێى هه‌واڵێكى رۆیته‌رز، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ى ئه‌یلولى 2019، به‌رپرسانى حكومه‌تى ئه‌فغانستان رایانگه‌یاند: هێرشێكى ئاسمانى به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ئه‌فغانستان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتگیرى ده‌كرین له‌ رۆژهه‌ڵاتى وڵاته‌كه‌یان ئه‌نجامدرا بۆ سه‌ر چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى به‌هۆیه‌وه‌ لایه‌نى كه‌م 30 كه‌س كوژراون و 40 كه‌سى دیكه‌ش برینداربوون. 

به‌رپرسه‌كانى حكومه‌تى ئه‌فغانستان به‌ ئاژانسى رۆیته‌رزیان راگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ شه‌وى رابردوو بوو بۆ مه‌به‌ستى خابووركردنى حه‌شارگه‌یه‌كى چه‌كدارانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌ڵه‌ جوتیارانى كرده‌ ئامانج له‌ نزیك كێڵگه‌یه‌ك له‌و ناوچه‌یه‌.

سوهراب قادرى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا له‌ رۆژهه‌ڵاتى هه‌رێمى نانگه‌رهار گوتى: هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ كه‌ به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان ئه‌نجام درابوو 30 كرێكار بوونه‌ قوربانى و لایه‌نى كه‌م 40 كه‌سى دیكه‌شی برینداركردووه‌.

هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان له‌باره‌ى ئه‌و هێرشه‌ نه‌گوتووه‌، هاوكات گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئه‌فغانستان رووداوه‌كه‌ى پشتڕاست كرده‌وه‌، به‌ڵام ڕه‌تى كرده‌وه‌ لێدوان له‌سه‌ر ورده‌كارى قووربانییه‌كان بدات.


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز