ئه‌كته‌ر  له‌ شانۆیى  (دوژمنى گه‌ل) دا

ئه‌بسن به‌فه‌لسه‌فه‌یه‌كى دیارى كراو ئه‌و كاراكته‌رانه‌ى دروست كرددووه‌

ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

هه‌ر یه‌ك  له‌كاراكته‌ره‌كانى شانۆییه‌كانى هنریك ئه‌بسن، تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه‌ و ئه‌بسن به‌فه‌لسه‌فه‌یه‌كى دیارى كراو ئه‌و كاراكته‌رانه‌ى دروست كرددووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر بیانخوێنیته‌وه‌، هه‌ر یه‌ك له‌وان هه‌ڵگرى په‌یامێكه‌، ته‌نانه‌ت  هه‌ندێ له‌وان، چونه‌ته‌ رێزى كاراكته‌ره‌ جیهانیه‌كان و خۆیان  ئاشنا به‌بینه‌رێكى زۆر كردووه‌ له‌سه‌راپاى جیهاندا، بۆیه‌ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ى كار له‌شانۆییه‌كانى ئه‌بسن ده‌كات و  ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ش كه‌رۆڵى ئه‌و كاراكته‌رانه‌ ده‌بینن، ده‌بێت زۆر به‌ ئاگاییه‌وه‌ هه‌ڵسوو كه‌وت له‌گه‌ڵ كارو كاراكته‌ره‌كانى  ئه‌بسن دا بكه‌ن، ره‌نگه‌ كارێكى سه‌خت و دژوار بیت،مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بچێته‌ ژوورێكى تاریك و نوته‌ك، ناتوانێت یه‌ك هه‌نگاو بچێته‌ پێشه‌وه‌ ، تا چرایه‌ك نه‌بێت ئه‌و تاریكیه‌ بڕوێنته‌وه‌و ده‌ورو به‌رى خۆى به‌ روونى ببینى، به‌شدارى كردنى ئه‌كته‌ریش له‌ شانۆدا ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئه‌كته‌ر بته‌وێت بچیته‌ ناو دنیاى ئه‌و نووسه‌ره‌ زه‌به‌للاحه‌ى دنیاو فه‌لسه‌فه‌كانى،  ئاشنایه‌تیه‌كى باشت  له‌گه‌ڵ  ئه‌و كاراكته‌رانه‌ به‌گشتى و ئه‌بسن خۆى به‌تایبه‌تى نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌كته‌رانى (دوژمنى گه‌ل) كه‌وتونه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌زموونێكى گه‌وره‌، كه‌ سه‌ركه‌وتن تێیدا شانازییه‌كى گه‌وره‌ یه‌، زۆر له‌وان ئه‌كته‌رى ئه‌كادیمین و خاوه‌ن ئه‌زموون له‌بوارى نواندندا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكییان شانۆیان وه‌ك پیشه‌ وه‌ر گرتووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكى دیكه‌یان تێدایه‌، بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌نمایشێكى وا گه‌وره‌دا بێته‌ سه‌ر شانۆ..

بێگومان كۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و دوو كۆمه‌ڵه‌یه‌ى ( ئه‌كته‌ره‌ خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان ـ یان كه‌م ئه‌زموونه‌كان) كارێكى ئاسان نیه‌، چونكه‌ ئه‌وان جیاوازى زۆریان هه‌یه‌ له‌ ئاستى نواندن و له‌جه‌سته‌و له‌ ده‌نگو ئیلقا  و له‌ئه‌دا، بینه‌ر له‌هۆڵى شانۆدا ئه‌و جیاوازییانه‌ به‌چاوى خۆى ده‌بینى، كێشى خۆى هه‌یه‌ بۆ نرخاندنى هه‌ر یه‌ك له‌و ئه‌كته‌رانه‌، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌كته‌ره‌ خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كانیش سه‌خت بێت ، كه‌ به‌رامبه‌ر چه‌ند ئه‌كته‌رێكى كه‌م ئه‌زموون نواندن بكه‌ن و زۆرێك له‌ گڕوتینیان له‌ ده‌ست بده‌ن، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر به‌رپرسى یه‌كه‌م له‌ دروست كردنى ئاستى نواندن لاى ئه‌كته‌ره‌كان، زۆر جارانیش ئه‌كته‌ر خۆى  له‌ سۆنگه‌ى توانست و شاره‌زایی خۆیه‌وه‌  رۆڵی ده‌بێت  له‌ره‌سم كردنى جوانترین وێنه‌ بۆ كاراكته‌ر و به‌هێز كردنى، چونكه‌ هه‌ر ته‌نها ده‌رهێنه‌ر نیه‌ ئه‌كته‌ر دروست ده‌كات، زۆر جاران ئه‌و توانسته‌ له‌ ناخى ئه‌كته‌ر خۆیه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات، له‌ ئه‌نجامى تێڕوانین و فانتازیاى  جوانیى بۆ رۆڵه‌كه‌ى خۆى و ئه‌زموونى درێژى له‌ بوارى نواندندا . 

ktv

ئه‌كته‌ره‌كانى دوژمنى گه‌ل ـ به‌ تایبه‌ت ئه‌كته‌ره‌ خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان بوون به‌هۆكار بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى نمایش، چونكه‌ زۆر جاران ئه‌كته‌رى لاواز ده‌بێته‌ هۆكار بۆ روخانى ناودارترین تێكستى جیهانیى، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌كته‌رى سه‌ركه‌وتوو هه‌میشه‌ رۆحێكى نوێ ده‌خاته‌ به‌ر ئه‌و تێكستانه‌ى لاوازن و له‌مردن رزگارى ده‌كه‌ن، به‌ گشتى كۆمه‌ڵێ ئه‌كته‌رى به‌ تواناو خاوه‌ن ئه‌زموون له‌نمایشه‌كه‌دا رۆڵى سه‌ره‌كییان هه‌بوو له‌ راگرتنى ریتمى نمایشه‌كه‌،بۆ ماوه‌ى 105 خوله‌ك، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ ئه‌كتیف بوونه‌ له‌پاراستنى هاوسه‌نگى نمایشه‌كه‌و چاره‌نووسى .

كاراكته‌ره‌كانى شانۆیى دوژمنى گه‌ل بریتین له‌:

دكتۆر تۆماس ستۆكمان: پشكێنه‌رى ئاوو زێرابه‌كانى شار .

 كاترین: هاوسه‌رى دكتۆر تۆماس

 هۆفستاد: سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ده‌نگى گه‌ل

 بیته‌ر ستۆكمان: برا گه‌وره‌ى د.ستۆكمان و قائیمقامى شار.

 بیلینگ: نووسه‌ر له‌رۆژنامه‌ى ده‌نگى گه‌ل

  كابتن هۆرستیر: كابتن و هاوڕێ ى دكتۆر تۆماس

 ئه‌سلاكسن: خاوه‌ن چاپخانه‌

 پیترا: كچى دكتۆر تۆماس

به‌همه‌ن حاجى (دكتۆر تۆماس):

به‌همه‌ن ئه‌كته‌رێكى  ئه‌كادیمى دیارو به‌رچاوه‌و  خاوه‌ن ئه‌زموونێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌بوارى شانۆدا و له‌ چه‌ندین به‌رهه‌مدا توانستى داهێنه‌رانه‌ى خۆى سه‌لماندووه‌،  دواترینیان شانۆیى (دوژمنى گه‌ل) ى هنریك ئه‌بسن بوو، له‌ده‌رهێنانى ئه‌رسه‌لان ده‌روێش، له‌و به‌رهه‌مه‌ نویًیه‌دا دا رۆڵى دكتۆر تۆماسى  بینى,

 ئه‌و به‌ر له‌هه‌موو شتێ ئه‌وه‌ى ده‌زانى كه‌ له‌و شانۆگه‌ریه‌دا ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌و به‌رجه‌سته‌ى  رۆڵى یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین كاراكته‌ره‌ جیهانییه‌كانى مێژوو ده‌كات ، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌وى قورستر كرد بۆ خۆ ئاماده‌كردن و به‌رجه‌سته‌ كردنى رۆڵه‌كه‌. 

 دكتۆر تۆماس،  ئه‌و پسپۆرو پشكێنه‌ره‌ى  له‌رووى گه‌نده‌ڵكارانى  ژه‌هراوى بوونى سه‌رچاوه‌كانى  ئاو وه‌ستا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌له‌كه‌ى روو به‌رووى ده‌سه‌ڵاتدارانى شاره‌كه‌ى بۆوه‌، له‌وانه‌ش (بیته‌ر)ى براى كه‌ به‌رپرسى یه‌كه‌مى ژه‌هراوى بوونى ئاوه‌كه‌ بوو، له‌و پێناوه‌شدا  له‌كار لابراو، ده‌ورو به‌ره‌كه‌ى  ئازار دران و ماڵه‌كه‌ى فڕێ درایه‌ سه‌ر جاده‌.. له‌ ئه‌نجامى ململانێكه‌ى له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى لایه‌نگرانى ده‌سه‌ڵات شكستى هێنا، به‌ڵام نه‌ڕوخاو به‌ گه‌شبینى راستیه‌كانى به‌ئاینده‌ سپارد.

دكتۆر تۆماس وه‌ك شۆڕشگێڕێك ده‌ركه‌وت، رۆڵه‌كه‌ى پێویستى به‌ ئه‌كته‌رێك هه‌بوو، له‌و كه‌سایه‌تیه‌ شۆڕشگێره‌ بوه‌شێته‌وه‌ و بتوانێ به‌ئه‌داى به‌هێزى  رۆڵى ئه‌و كاراكته‌ره‌ به‌رجه‌سته‌ بكات، ئه‌و ئه‌بسن له‌پێستى كاراكته‌رێكى وه‌ك دكتۆر تۆماس ده‌بینى كه‌ له‌ ره‌سه‌ندا ئه‌بسن خۆیه‌تى و به‌رگرى له‌ مافه‌كانى گه‌ل ده‌كات.

به‌همه‌ن كه‌ رۆڵى ئه‌و پیاوه‌ شۆڕشگێره‌ى به‌رگرى كار له‌ مافى گه‌ل و هه‌قیقه‌ت ده‌بینێ، كاراكته‌ره‌كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م هانده‌رى بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنى ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌و ماف پێدانى، به‌هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ جه‌سته‌ییانه‌ى هه‌یبوو  له‌ده‌نگ و ئیلقا و ئه‌داى گوزاشت به‌خش، دووهه‌میان : تێگه‌یشتنێكى باشى بۆ دكتۆر تۆماس هه‌بوو، به‌گڕو تینێكى هونه‌رى هاوسه‌نگ رۆڵه‌كه‌ى بینى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاره‌زووم نه‌بوو له‌ به‌همه‌ندا بیبینم، ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ هه‌ندێ دیمه‌ندا گرژى و یه‌ك ریتمیم ده‌بینى له‌ ئه‌داو له‌ ریتمى ده‌نگ دا،چونكه‌ ئه‌و كه‌سێكى زاناو نووسه‌ر بوو، بیروباوه‌ڕێكى شۆڕشگێڕانه‌ى هه‌بوو، پێویستى به‌ هێمنیه‌كى زیاتر هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى وێنه‌یه‌كى جوانترى ئه‌و كاراكته‌ره‌مان بداتێ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تره‌وه‌، به‌همه‌ن خه‌ریكه‌ هاوسه‌نگى له‌شولارو جه‌سته‌ى جارانى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات، پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ پێداچوونه‌وه‌  به‌خۆى دا بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌مان لیاقه‌ى جارانى خۆى...

مه‌ولان حه‌مه‌د ئه‌مین ( قائیمقام):

 رۆڵى ( بیته‌ر)ى قائیمقام و براى دكتۆر تۆماس  ده‌بینى، هێماى ده‌سه‌ڵات ده‌نوێنێ، له‌ كه‌سایه‌تیه‌كه‌ى دا كه‌سێكى رووكه‌شه‌، وه‌ك نموونه‌ى رووكه‌شى  ده‌سه‌ڵات، هه‌تا له‌هه‌ڵوێسته‌ له‌خۆبایى بووه‌كانى، ئه‌و داڕێژه‌رى ئه‌و گه‌مانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر تۆماسى براى و  یاوه‌رانى ده‌كرێت، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وه‌ى له‌بیر ده‌باته‌وه‌ كه‌ براى دكتۆره‌، گرنگ به‌لاى ئه‌وه‌وه‌ پاراستنى ده‌سه‌ڵات بوو.

 هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بۆ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ گه‌ڕ دكتۆر تۆماسى براى ده‌ست له‌بڵاوكردنه‌وه‌ى پشكنینه‌كانى خۆى هه‌ڵگرێ  ده‌رباره‌ى به‌ژه‌هراوى بوونى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، له‌و پێناوه‌شدا ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م ململانی و  هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنى براكه‌ى به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكى خۆى و ناچار كردنى میدیا كارو رۆژتامه‌نووسه‌كان به‌بێده‌نگ بوون، له‌ئه‌نجامى ململانێ كه‌شى دا  به‌سه‌ر دكتۆر تۆماس و یاوه‌ره‌كانى زاڵ ده‌بێت و به‌ره‌ى گه‌نده‌ڵكاران و تومه‌تباران به‌سه‌ر حه‌قبێژه‌كاندا سه‌رده‌كه‌ون ...

مه‌ولانا ـ ئه‌گه‌رچى  كاراكته‌ره‌كه‌ى  كه‌سێكى گه‌نده‌ڵ و تاوانبار بوو، له‌رێزى ده‌سه‌ڵاداره‌كانى ئه‌و شاره‌،  ژه‌هراوى بوونى گه‌له‌كه‌ى به‌لاوه‌ باشتر بوو، له‌ئاشكرا كردنى راستیه‌كان، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیماو ره‌فتارى له‌كاراكته‌رێكى نه‌گه‌تیف و شه‌ڕخواز  نه‌ده‌چوو، ریتمێكى ساردى هه‌بوو،  هیچ جۆره‌ رقێكى لاى بینه‌ر دروست نه‌كرد، ته‌نانه‌ت  ئارایشت كردنیشى ئه‌و سیمایه‌ى پێ نه‌به‌خشى بوو كه‌ بینه‌ر وه‌ك تاوانبارێك ببینێ، بۆیه‌ بینه‌ر ئه‌و كاراكته‌ره‌ى وه‌ك كاراكته‌رێكى نه‌گه‌تیف نه‌ناسى كه‌ هاوكوف بیت له‌گه‌ڵ بیرو باوه‌ڕو ره‌فتاره‌ توندو تیژو دوژمنكاریه‌كانى به‌رامبه‌ر گه‌ل و نزیكترین كه‌سانێك له‌ خانه‌واده‌كه‌ى، بۆیه‌ من پێم وابوو ده‌بوا مه‌ولانا له‌ هه‌ندێ دیمه‌ندا ئه‌و ریتمه‌ خاوه‌ى خۆى بگۆڕیبوایه‌ به‌ ریتمێكى گه‌رمتر ..

محه‌مه‌د تاهیر: رۆڵى (ئه‌سلاكسن ) ى خاوه‌نى چاپخانه‌ى ده‌بینى، كه‌ زۆر به‌ ئاسانى  له‌ بیروباوه‌ڕو بۆچوونه‌كانى خۆى هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ ئاسانى ده‌چێته‌ ژێر فشارى ده‌سه‌ڵاتداران .

به‌ لاى منه‌وه‌ (محه‌مه‌د تاهیر ) باشترین ئه‌كته‌رى نمایش بوو، له‌رووى ئه‌داو ده‌نگ و ئیلقا، مانیه‌كى جوانتر له‌ خۆى به‌كاراكته‌ره‌كه‌ى  خۆى به‌خشى .   

بیترا : ( سیما مسته‌فا)  كچى دكتۆر تۆماس و مامۆستاى قوتابخانه‌یه‌، هه‌مان هه‌ستى شۆڕشگێڕانه‌ى باوكى هه‌ڵگرتووه‌و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ماڵدا داواى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كه‌ن زمانى خۆیان بگرن، وه‌ك مامۆستایه‌كیش له‌ قوتابخانه‌دا منداڵه‌كان فێرى درۆ بكه‌ن.

ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى چوونه‌ ناو دنیاى شانۆیه‌، ئه‌ركێكى قورسیان پێ به‌خشى بوو كه‌ له‌ توانست و ئه‌زموونى ئه‌و گه‌وره‌تر بێت، پێم وابوو هه‌ڵبژاردنى  ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ ته‌نها بۆ پڕ كردنه‌وه‌ى  بۆشایى ئافره‌تى ئه‌كته‌ر بوو، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى نه‌رێنى هه‌بوو به‌ سه‌ر نمایش .

ktv

بیلینگ: ( یوسف یوسفى)  كاراكته‌ره‌ نموونه‌ى  رۆژنامه‌ نووسێكى   ئیزدواجیه‌ كه‌ به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانى خۆى  ره‌فتار ده‌كات و به‌ئاسانى ده‌توانێت پشت له‌راستیه‌كان بكات له‌پێناو پاراستنى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌.

ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بۆ یوسف ئه‌زموونێكى نوێ بوو، توانى رۆڵه‌كه‌ى خۆى وه‌ك پێویست راپه‌ڕێنێ، ئه‌گه‌رچى له‌ ئیلقاو ده‌نگ لاوازى پێوه‌ دیاربوو، پێویستى زیاترى به‌ پرۆڤه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بڕیارى ئه‌وه‌ى دابێت به‌رده‌وام بێت له‌كارى شانۆیى دا .

كابتن هۆسته‌ر  (زیاد كه‌ریم)  وێنه‌ى كه‌سێكى هوشیارو دۆستێكى ئه‌مه‌كدارو خاوه‌ن هه‌ڵویست نیشان ده‌دات، كه‌ راستیه‌كان ده‌خاته‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌، گوێ به‌و فشارانه‌ نادات كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌رى، له‌رۆژه‌ سه‌خته‌كانیشدا هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه‌ ده‌نوێنێ كه‌ له‌پشت دكتۆر تۆماس و منداڵه‌كانى ده‌وه‌ستێ، كاتێ خانووه‌كه‌یان لێ ده‌سێنرێته‌وه‌و ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر جاده‌ ئه‌و فریایان ده‌كه‌وێت .

زیاد شانۆى وه‌ك پیشه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌و كه‌سێكى میدیا كاره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ رێگر نیه‌ له‌ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر كارى شانۆیى، ئه‌و خۆى له‌ ئه‌زموونێكى قورس داوه‌و كاراكته‌ره‌كه‌ى كاراكته‌رێكى دیاروبه‌رچاو بووه‌ له‌ شانۆكانى جیهاندا بایه‌خێكى زۆرى پێ دراوه‌و ته‌واوكه‌رى دكتۆر تۆماسه‌ له‌هه‌ڵوێست و بیرو باوه‌ڕدا، ئیدى نازانم بۆچى زیاد به‌خۆى و پایپه‌كه‌ى، زۆر به‌ فیزه‌وه‌ ده‌ركه‌وت وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كى بورژوازى و بازرگان، كه‌چى له‌هه‌قیقه‌تدا ئه‌و كه‌سێكى خاوه‌ن هزرو تێگه‌یشتنێكى ته‌واو بوو له‌كۆمه‌ڵگادا له‌ ریزى گه‌له‌كه‌ى دا بوو بۆ به‌رگرى كردن له‌ مافه‌كانیان، ئه‌م جیاوازییه‌ش له‌ نێوان بیرو شێوه‌دا واى كرد، ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ له‌ ده‌ستپێكدا وێنه‌یه‌كى راسته‌قینه‌ى كار اكته‌ره‌كه‌ى   به‌بینه‌ر نه‌به‌خشێت، ئه‌گه‌رچى له‌ دیمه‌نه‌كانى دوایى دا ئه‌و شێوازه‌ى ره‌سم كردنى كاراكته‌ره‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ قه‌دى ره‌سه‌نى خۆى ..

كاترین ( وه‌یلان سدیق) : هاوسه‌رى دڵسۆزى دكتۆر تۆماس بوو، ئه‌و له‌ ده‌ستپێكدا باوه‌ڕى وابوو كه‌ دكتۆر تۆماس ناتوانێت به‌رگه‌ى ده‌سه‌ڵاتداران بگرێت كه‌ خاوه‌نى هێزێكى گه‌وره‌ن، به‌مه‌ش دووچارى نه‌هامه‌تیه‌كى زۆر ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام وره‌ى دكتۆر و بڕواى پته‌وى به‌امبه‌ر به‌و گوتاره‌ى باوه‌ڕى پێ هه‌بوو له‌ هه‌موو فشاره‌كان گه‌وره‌تر بوو، كاترین كه‌ زانى دكتۆر رێگه‌یه‌كى راستى هه‌ڵبژاردووه‌، پشتگیرى لێ كرد ، چ له‌ رووى پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ كردنى منداڵه‌كانى چ له‌ رووى وه‌ستان له‌پشت مێرده‌كه‌ى به‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه‌ .

وه‌یلان له‌ ته‌مه‌ندا بچووكتر بوو له‌ته‌مه‌نى كاراكته‌ره‌كه‌ى خۆى، ئارایشتیش نه‌یتوانى ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ ته‌مه‌ندا په‌رده‌ پۆش بكات، ئه‌مه‌ هه‌م كاراكته‌ره‌كه‌ى لاواز كردبوو، هه‌م وه‌یلان به‌و ئه‌زموونه‌ ساده‌یه‌ى هه‌یبوو نه‌یتوانى به‌رامبه‌ر به‌ به‌همه‌ن بوه‌ستێت، به‌ڵكو كاریگه‌ریه‌كى نه‌گه‌تیفانه‌شى به‌سه‌ردا به‌جێ هێشتبوو، له‌زۆربه‌ى ئه‌و شانۆگه‌ریانه‌ى (دوژمنى گه‌ل) كه‌ له‌جیهاندا نمایش كراون، رۆڵى كاترین چ جیاوازییه‌كى نیه‌ له‌گه‌ڵ رۆڵى  دكتۆر، له‌و نمایشه‌ نه‌بێت كه‌ ئه‌و كاراكته‌ره‌ به‌و لاوازییه‌ ببینم ئێستاش نه‌مزانى هۆكار چى بووه‌ له‌وه‌ى ده‌رهێنه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ قورسه‌ به‌ وه‌یلان ببه‌خشێ، له‌كاتێكا ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاكانى هاتنه‌ ناو دنیاى شانۆیه‌تى،جگه‌ له‌ موفاره‌قاتى ته‌مه‌نى.

ktv

هۆفستاد( یاسین كه‌ریم ) :

سه‌ر نووسه‌رى رۆژنامه‌ى ده‌نگى گه‌ل بوو، ئه‌و له‌ ده‌ستپێكدا پشتگیرى له‌توێژینه‌وه‌و هه‌ڵوێسته‌كانى دكتۆر ده‌كرد، دواتر ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وانى تر شه‌ره‌فى پیشه‌كه‌ى خۆى راده‌ستى گه‌نده‌ڵكاران  كرد له‌پێناو پاراستنى به‌رژوه‌ندییه‌كانى خۆى .

یاسین كه‌ریم ـ تێگه‌یشتنێكى باشى له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره‌كه‌ى خۆیدا هه‌بوو، توانى كارێك بكات، به‌ئه‌داى خۆی، وه‌ك پیاوێكى ئیزدواجى له‌بیرو باوه‌ڕو كه‌سێكى ئینتیهازى خۆى نیشان بدات، به‌مه‌ش به‌رجه‌سته‌ى وێنه‌ى راسته‌قینه‌ى كاراكته‌ره‌كه‌ى خۆى كرد.

كوردستان تیڤی/ كامران