وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ: هاوردە کردنى هەنگوین قەدەغە کرا

بریاره‌كه‌ له‌سه‌ر داواى هەنگەوانانى کوردستان و چەند گروپ و رێکخراوێکى تایبەت بە هەنگەوانان بووە


وەزیرى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم بڕیاریدا لە رۆژى ٢٥ى ئەم مانگەوە هاوردە کردنى بەرهەمى هەنگوین لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناو هەرێمى کوردستان قەدەغە بکرێت، تا ئەو کاتەى بە بڕیارێکى تر بوار بە هاوردەکردنى ئەو بەرهەمە دەدرێتەوە.

بریاریشە لە سەرەتا و ناوەڕاستى مانگى داهاتووشدا لە هەرێمى کوردستان دوو چالاکى گەورەى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین ئەنجام بدرێت.

ئەم بڕیارە کە لە لایەن بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دراوە، لەسەر داواى هەنگەوانانى کوردستان و چەند گروپ و رێکرخاوێکى تایبەت بە هەنگەوانان بووە، کە داوایان لە وەزارەتى کشتوکاڵ کردبوو، لە وەرزى چنینەوەى بەرهەمى هەنگوینى ناوخۆییدا و تا ساغ کردنەوەى بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا هاوردەکردنى بەرهەمى هەنگوین لە دەرەوەى کوردستانەوە رابگیرێت.

بۆ دەرکردنى ئەم بڕیارە وەزیرى کشتوکاڵ پشتى بە یاساى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆى ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠٠٨) بەستووە.

بڕیارە لە سەرەتا و ناوەڕاستى مانگى داهاتوودا لە هەرێمى کوردستان دوو چالاکى گەورەى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین ئەنجام بدرێت کە بریتین لە کۆنگرەى هەنگەوانانى وڵاتانى عەرەب کە رۆژانى ٧-٩/١٠/٢٠١٩ لە هەولێر بەڕێوە بچێت و بە دواى ئەویشدا لە سلێمانى پیشانگایەکى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین دەکرێتەوە.

بە گوێرەى ئامارەکانى بەردەست لە هەرێمى کوردستان دا نزیکەى ١٢ هەزار کەس بە کارى هەنگەوانیەوە سەرقاڵن و پتر لە ٣٠٠ هەزار شانەى هەنگیان هەیە.

شوان عه‌زیز