سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات

رۆشنایی خرایه‌ سه‌ر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەت پرسى بودجەى گشتیی ساڵى داهاتووى عێراق

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ـی٩ـی٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە لە دکتۆر فواد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران پێکهاتبوو.


لە دیدارەکەدا کە هوشیار زێباری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان لە ئاستی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.


هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسەکانى بودجەى گشتیی ساڵى داهاتووى عێراق، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و داڕشتنى یاساکان و هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆر. لەوبارەیەوە جەخت لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ بۆ چارەسەر كردنی كۆی كێشەكان پابەندبوون بە دەستوور کرایەوە.


هەر لە دیدارەکەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و تەئکید لە پێویستیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کرایەوە.