سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى ئەمەریکا دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور


سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان، دووپاتى کردەوە کە هەرێم لە هەوڵەکانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ بەردەوام دەبێت.

بەڕێزان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ماتیوو تیوولەر باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق، دۆخى سیاسی و ئەمنیى عێراقییان تاوتوێ کرد و خۆشحاڵیى خۆیان بەو کەشە ئەرێنییەى لە عێراق بەگشتى و لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرالدا هەیە نیشان دا، هەروەها جەختیان لە گرنگیى بەردەوامیى گفتوگۆى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور کردەوە، بەتایبەتیش پرسەکانى پەیوەست بە ماددەى (140) و بودجە و دۆسیەى نەوت و پارێزگاى کەرکووک.

لەمبارەیەوە سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان نێچێرڤان بارزانى، دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان لە هەوڵەکانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدرال بەردەوام دەبێت و ڕوونى کردەوە کە میکانیزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان پێویستە بە جۆرێک لێکگەیشتنە سیاسییەکان بکرێنە هەنگاوى کردەیى.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/9/2019 لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەردوولا باسیان لە مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و توندوتیژى لە ناوچەکە کرد بە شێوەیەک کە هێشتا لەمبارەیەوە پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان پێویستە.

تاوتوێکردنى دۆخى سیاسی و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان، ئاوارە و پەنابەران و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان، دۆخى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان، سەردانى بەڕێز باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق بۆ چەند شوێنەوارێکى قەڵاى هەولێر و هاوکاریى کولتووریى ئەمەریکى بۆ هەرێمى کوردستان، لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.