سه‌رۆككۆمارى عێراق سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد

د.به‌رهه‌م سالح: خۆشحاڵم به‌سه‌ردانیم بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌ پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و چاودێریكردن له‌هه‌رێمدا ده‌كات


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18/9/2019، د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی لێكرا.

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و د.فوئاد حسێن وه‌زیری دارایی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆككۆماری عێراق خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و رایگه‌یاند: "كه‌ خۆشحاڵه‌ به‌و سه‌ردانه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان چونكه‌ ئه‌م دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌ی كه‌پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و چاودێریكردن له‌هه‌رێمدا ده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستووره‌ی ساڵی 2005 كه‌ زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان ده‌نگیان پێداوه‌ و دانی پێدانراوه‌ ڕۆڵی كاریگه‌ری خۆی له‌ ره‌سمی سیاسه‌تی نێوان هه‌رێم و عێراقی شه‌راكه‌تدا هه‌یه‌، هه‌ر چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌شه‌ كه‌ ئێمه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ دروستكردنی لێكتێگه‌یشتن و گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنێك كه‌ له‌خزمه‌تی هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێم بێت و هه‌موو لایه‌ك هیچ بژارده‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ جگه‌ له‌ گفتوگۆ و دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن".
له‌به‌رامبه‌ردا د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری عێراقی بۆ هه‌رێم و دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رزنرخاندو رایگه‌یاند: "ڕاست ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستووری عێراق پارێزه‌ری ماف و داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی عێراقه‌ و پارێزه‌ری مافی نه‌ته‌وه‌یی كوردو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌، هه‌ر پێشێلكارییه‌ك كه‌ له‌ په‌سه‌ندكردنی یاساكان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكرێت پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌، به‌تایبه‌ت په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و یاسای كارگێڕیی دارایی و ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای خزمه‌تی شارستانی، بۆیه‌ داواكارین له‌ جه‌نابتان وه‌ك سه‌رۆككۆماری عێراق و پارێزه‌ری حوكمی ده‌ستوور رۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕن له‌پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هاوكات به‌رگری له‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 بكه‌ن و ڕۆڵی سه‌ره‌كی ببینن له‌ نزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا كه‌ ببێته‌ هه‌وێنی به‌رهه‌مهێنانی رێككه‌وتنێك كه‌ هه‌م ڕه‌چاوی بنه‌ماكانی ده‌ستوورو هه‌میش له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان و عێراق بێت".
راشیگه‌یاند: "كه‌ خه‌ڵكی كوردستان جارێكی تر به‌رگه‌ی قه‌یرانی دارایی ناگرن به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی رووبه‌ڕووی ناخۆشیی زۆر بوونه‌وه‌".

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌میكانیزمی په‌یوه‌ندیی نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌و لێكتێگه‌یشتنه‌دا كه‌ له‌نێوان لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌ هاوشێوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و په‌رله‌مانی كوردستان دروستبووه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌شدا، سه‌باره‌ت به‌ رێككارییه‌كانی ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی ساڵانه‌ی بودجه‌ی گشتیی عێراق و ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم، سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌وڵه‌كانی رابردووی وه‌زیری دارایی به‌ئه‌رێنی وه‌سفكردو داواشی له‌ وه‌زیری دارایی عێراق كرد كه‌ هاوئاهه‌نگیی زیاتری هه‌رێم و نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستان بێت له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت ماف و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌رێم له‌و یاسایه‌دا پارێزراو و جێگركراو بن.

 

11