توركیا و ئێران و ڕووسیا جه‌خت له‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا ده‌كه‌نه‌وه‌

لووتكه‌ی سێقۆڵی

هه‌رسێ سه‌رۆكی توركیا و ئێران و ڕووسیا جارێكی دیكه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنی مه‌سه‌له‌ی سوریا، به‌ تایبه‌تی شه‌ڕی پارێزگای ئیدلیب كه‌ دوایـین ناوچه‌ی سوریایه‌ له‌ ژێر ده‌ستی ئۆپـۆزسیۆن.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوی ھاوبه‌شی لووتكه‌ی سێقۆڵی توركیا- ئێران- رووسیا بڵاوكرایه‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكرا كه‌ ھێرشه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا سه‌قامگیری تێكداوه‌ و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی ئه‌و وڵاته‌ی پێشێڵكردووه‌ و گرژی ناوچه‌كه‌ی زیاتر كردووه‌.

ھاوكات ھه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ھه‌وڵه‌كانی خۆسه‌ری ناشه‌رعی له‌ سووریا و دروستكردنی دۆخی نوێ له‌ ژێر ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و گشت ھه‌وڵه‌كانی ھاوشێوه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.

له‌ پاڵ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ به‌ پێداگری لایه‌نه‌كان له‌ دژی رۆژه‌ڤی جوداخواز كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ھه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و لاوازكردنی سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا ده‌كات.