سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ھەرێم کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدایان تاوتوێ کرد

یەکدەنگى لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا کرایەوە


به‌ڕێزان بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و بەردەوامیی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور کردەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئێوارەى ئەمڕۆ 2019/9/17 لە هەولێر بەڕێوە چوو و تیایدا دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانى کوردستان، جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، جێگرى سەرۆک وەزیران و وەزیرى داراییی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، گفتوگۆ لە بارەی پرسە گرنگەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمى کوردستانه‌وه‌ کرا، بەتایبەتی پرسەکانى بودجەى گشتیی ساڵى داهاتووى عێراق و ماددەى (140) و داڕشتنى یاساکان و هەڕەشە و مەترسییەکانى تیرۆ و توندڕەوى.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پاراستنی یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە عێراق و هێزە عیراقییەکان و کارى پێکەوەییان و یەکدەنگى لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا کرایەوە.

شایەنی باسە سەرۆک بەرهەم ساڵح و شاندێکى یاوەرى، ئێوارەى ئەمڕۆ بە سەردانێک گەیشتنە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.