تره‌مپ: له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌گه‌ری هەر هێرشێك

تره‌مپ له‌باره‌ی كردنه‌ ئامانجی كارگه‌كانی نه‌وت لە سعوودیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ده‌زانن ئه‌نجامده‌رانی كێن


سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی كردنه‌ئامانجی كارگه‌كانی نه‌وت لە سعوودیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ "ده‌زانن ئه‌نجامده‌رانی كێن" و "له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌گه‌ری هەر هێرشێك".

دۆناڵد تره‌مپ له‌باره‌ی كردنه‌ئامانجی كارگه‌كانی نه‌وت لە سعوودیه‌ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند "كێڵگه‌یەکی نه‌وت لە سعوودیه‌ هێرشی كرایه‌ سه‌ر. هۆكارمان هه‌یه‌ بۆ پشوودرێژیمان له‌وه‌ی باوه‌ڕ بكه‌ین ئه‌نجامده‌ری كێیه‌، په‌یوه‌ندیدار به‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ ئێمه‌ سه‌رنجمان خستۆته‌ (سه‌ر ئامانج) و چه‌كه‌كانمان پڕن، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئەوەی لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشەوەیە له‌ شانشین (سعوودیه‌)ه‌وه‌ ببیستین".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ به‌پێی وه‌ڵامی ریاز ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ چ هه‌لومه‌رجێكدا بكه‌ونه‌ خۆ.

دۆناڵد تره‌مپ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و رووداوه‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زین له‌ نرخی نه‌وت لە بازاڕه‌كانی ئه‌مریكادا روونه‌دات ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌ "به‌پێی پێویست" نه‌وتی عه‌مباركراو به‌كاربهێندرێت.

رۆژی شەممە له‌ رێگای فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر دوو کارگەی كۆمپانیای ئارامكۆ. هێرشه‌كه‌ زیانی گیانی به‌دوای خۆیدا نه‌هێنا و په‌نجه‌ی تۆمه‌تیش بۆ هیچ لایه‌نێك درێژ نه‌كرا، به‌ڵام حووسییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌وان به‌ ١٠ فڕۆکەی درۆن هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌.

حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی مووشه‌كی بالیستی كورتمه‌ودا و ناوه‌ند مه‌ودا كه‌ له‌ لایه‌ن سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی سعوودیه‌وه‌ تێك ده‌شكێندرێن، به‌ به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیش ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌نه‌‌ ئامانج.

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ناسه‌قامگیری سیاسیی یه‌مه‌نی گرتۆته‌وه‌ و پێكدادانه‌كان له‌ نێوان حووسییه‌كان كه‌ ئێران پشتگرییان ده‌كات و هێزه‌كانی سه‌ربه‌ حكوومه‌تی یه‌مه‌ن كه‌ سعوودیه‌ و ئیمارات پشتگیریان ده‌كه‌ن، به‌رده‌وامه‌.

حووسییه‌كان له‌ ئه‌یلوولی ٢٠١٤ه‌وه‌ سه‌نعا-ی پایته‌خت و ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی دیكه‌ی یه‌مه‌نیان له‌ژێر کۆنترۆڵدایه‌. هاوپه‌یمانییەتی عه‌ره‌بیش به‌ڕابەرایەتی سعوودیه‌ له‌ ئاداری ٢٠١٥ه‌وه‌ پشتگیری حكوومه‌تی یه‌مه‌ن ده‌كات دژبە حووسییه‌كان.