کۆبوونەوەی روحانی و ترەمپ لە ئارادا نییە

لەکۆتایی ئەم مانگەدا روحانی سەردانی نیویۆرک دەکات بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران عەباس موسەوی ئاماژەی بەوەدا کە چاوپێککەوتنی سەرکۆمار حەسەن روحانی و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەئارادا نییە.

موسەوی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تارانی پایتەخت باسی لە پرسە هەنووکەییەکانی وڵاتەکەی کرد.

موسەوی ئاماژەی بەوەدا کە لەکۆتایی ئەم مانگەدا سەرکۆمار روحانی سەردانی نیویۆرک دەکات بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاشکرای کرد وەزیری دەرەوە محەمەد جەواد زەریف کە خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە ئەگەر هەلومەرجەکە گونجاو بوو بۆی، یاوەریی دەکات.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی میدیای جیهانی ئاماژەی پێ دەکەن سەبارەت بە چاوپێککەوتنی روحانی و ترەمپ، موسەوی گوتی، "من ئەو هەواڵانە پشتڕاست ناکامەوە. بەرنایەمەیەکی لەو چەشنە لە ئارادا نییە و بڕوا ناکەم شتێکی لەو چەشنە لە نیویۆرک رووبدات".

موسەوی رایگەیاند، "وەک بەڕێز روحانی دەڵێت ئێمە بۆ وێنە گرتن گفتوگۆ ناکەین. گفتوگۆکان ئەنجامی جددییان نەبوو. وەک پێشتریش گوتوومانە ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و کۆتایی بهێنێت بە تیرۆریزمی ئابووری، دەتوانێت بەشداری بکات لە کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی و داواکارییەکانی باس بکات".

لەبارەی تۆمەتبار کردنی ئێران لەلایەن ئیدارەی واشنتۆنەوە سەبارەت بە هێرشەکانی سەر دامەزراوەی نەوتی سعوودیە، موسەوی گوتی، "ئەم دەنگۆیانەی کە بەرپرسانی ئەمریکا دژی ئێران ئاراستەی دەکەن لەچوارچێوەی سیاسەتی "درۆی گەورە"دا، بێ بنەمان و قبوڵ نەکراون".