15 بەرپرسی باڵای داعش لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە له‌ دیاله‌ كوژران  

چەند رۆژی رابردووش ژمارەیەكی زۆر بەرپرس و چەكداری داعش كوژراون

سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزەكانی عێراق رایگەیاند، لەمیانی چالاكیە سەربازیەكانی هێزە ئەمنیەكانی عێراق، ئەمرۆ هەینی 15 بەرپرسی باڵای رێكخراوی چەكداری داعش لەگەڵ چەكدارێكی ئەو رێكخراوە لەلایەن هێزە عێراقیەكانەوە كوژران.

ئەو سەرچاوەیە بە پێگەی هەواڵی عهد نیوزی راگەیاندوە "چالاكیەكان لەناكاو ئەنجامدەدرێن و ئەو چالاكیەی لە دیالە ئەنجامدراوە لەسەر بنەمای دەزگاكانی هەواڵگری و بە شێوەیەكی ورد لە چەند ناوچەیەكی دیالی ئەنجامدراوە كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر بەرپرس و چەكداری داعش كوژراون".

ئاماژەی بەوەشكردوە "چالاكیەكانمان لە بەردەوامیدایە و هاریكاری نێوان هێزە چەكدارەكان و بە هاوكاری هاوڵاتیان لە ئاگاداركردنەوەمان لە حاڵەە گوماناویەكان، بونەتە هۆی دۆزینەوە و كوشتنی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی رێكخراوی داعش".