كونسڵی گشتی به‌ریتانیا: پاڵپشتیمان بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌ی خۆڕێکخستنەوە له ‌خزمه‌تی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستانه


 له‌راگه‌یاندراوێكدا  وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 12 ى 9 ى 2019 ،شۆڕش ئیسماعیل  وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و جه‌یمس سۆرنتۆن كونسڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر، دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌و مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی خۆڕێکخستنەوە له ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تاوتوێكرد 

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێم راشیده‌گه‌ێنێت ، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌ریتانیای به ‌گرنگ و پڕبایه‌خ وه‌سفكرد، روونیشی كرده‌وه‌، هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ئێوه‌ جێگه‌ی ته‌قدیری ئێمه‌و خەڵکی کوردستانە، خوازیارین ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

كونسڵی گشتی به‌ریتانیاش له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌ كه‌  شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ هاوكاری ئێوه‌ین، پاڵپشتیمان بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان به‌رده‌وامی ده‌بێت. خوازیارین له ‌رێگه‌ی دیاڵۆگ و دانوستانی هاوبه‌ش، كۆتایی به‌كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بێت. وتیشی: له‌رێگه‌ی تیمی راوێژكارانی سه‌ربازی به‌ریتانیایه‌وه‌ به‌شدارو هاوكاری سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی چاكسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌بین.

هه‌رله‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، روونی كرده‌وه‌ته‌وه‌ كه‌  ئامانج و ئه‌وله‌ویه‌تی پڕۆسەی خۆڕێکخستنەوە، چاككردن و باشكردنی دۆخ و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌یه‌، هاوكاری راوێژكارانی ئێوه‌و هاوپه‌یمان گرنگه‌و ده‌رئه‌نجامی پرۆسه‌كه‌ له‌ خزمه‌ت پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌ت ده‌بێت.

له ‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌داشدا گفتوگۆی پوخت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان له‌ناوچه‌كه‌ كراو هه‌ردوولاش هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان به‌ ئاراسته‌ی پێكه‌وه‌ كاركردن و یه‌كگرتوویی هێزه‌كان بێت.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز