حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

وێنه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌


رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم، لە میانەی گفتوگۆکانی راپۆرتی کۆماری عێراق تایبەت بە مافی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگه‌یاند، لە شەڕی داعش نزیکەی 12000 هەزار پێشمەرگە بریندار بوون لەوانە (293)یان کەم ئەندام بوون
حکومەتی هەرێم زیاتر لە (1500) بەرکەوتووی چەکی کیمیاویی ناردۆتە دەرەوە بۆ چارەسەر کردن
لە رۆژانی 10-11/9/2019 خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ به‌سترا، بە بەشداری شاندێکی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکانی راپۆرتی سەرەتایی عێراق تایبەت بە رێکەوتننامەی مافی کەم ئەندامان.
لەم بارەوە د.یندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان وتی: بەشداری کردنی هەرێمی کوردستان و پێشکەش کردنی وتاری هەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراق لە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر نەتەوەیەکگرتووەکان گرنگی خۆی هەیە بۆ خستنەڕووی پابەندبوونەکانی حکومەتی هەرێم کە هەنگاوی زۆری ئەنجامداوە لەو رووەوە ناوە وەک ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانەی کە لە بواری پاراستن و خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندامان دەرچوون لەوانەش یاسای ژمارە (22ی ساڵی2011) یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو رێنماییەکان تایبەت بەم چینە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەم گفتوگۆیانەدا تیشکی خستە سەر قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و وتی: دوای هێرشەکانی داعش نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و بە هەزارانیان بریندار بوون و ئەندامێکی لەشیان لە دەستدا کە هەندێکیان تووشی کەم ئەندامی تەواو بوون بەم شێوەیە:
- 235 پێشمەرگە دەست یان قاچێکیان لە دەستدا.
- 20 پێشمەرگە تواناى بینینیان لە دەستدا.
- 38 پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی تەواو بوون و عارەبانە بەکاردەهێنن بۆ هاتوچۆ.
سەرەڕای نالەبارەی دۆخی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی توانای خۆی هاوکاری وخزمەتگوزاری پێویستیان پێشکەش کردووە لەلایەنی تەندروستی، مووچە و خانەنشینی هەروەها بەشێکی زۆریان نێردرانە دەرەوە بۆ چارەسەرکردن.
لە بەشێکی دیکەی وتەکەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە قوربانیانی چەکی کیمیاوی کرد و وتی: کیمیاباران کردنی چەندین ناوچەی هەرێم لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 1988 هەزاران قوربانی و برینداری بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی دوای خۆی جێهێشت کە ژمارەیەکیان پێویستیان بە چارەسەری هەمیشەیی هەیە، بەپێی ئامارەکان حکومەتی هەرێم، ژمارەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی کە منحە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن دەگاتە (970) بریندار، هەروەها (8800) کەسی دیکەش داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ تۆمار کردن وەک بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو لیژنەی پێکهێناوە بۆ هەلسەنگاندنی رێژەی کەم ئەندام بوون و تۆمار کردنیان، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم لەسەر ئەرکی خۆی تا ئیستا (35) وەجبەی بریندارانی چەکی کیمیاوییان ناردۆتە دەرەوەی وڵاب ۆ چارەسەر کردن کە هەر وەجبەیەکیان لە (30-45) بەرکەوتوو پێکدێت.
دیندار زێباری دەربارەی ژمارەی کەم ئەندامان و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشیان دەکرێن وتی: تا ساڵی 2018 ژمارەی ئەو کەم ئەندامانەی کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمەوە تۆمار کراون و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە گەیشتۆتە (95،916) کەس لە هەردوو رەگەز کە بەسەر چەندین جۆر دابەشکراوان بەپێی راپۆرتی پزیشکی لەوانە (جەستەیی، نابینا، ئۆتیزم، کەڕ و ڵاڵ، مەنگۆلی، ئیفلیجی مێشک، دواکەوتنی عەقڵی، کورتە باڵاکان، پالاسیمیا، شیزۆفرینیا، هیمۆفیلیا و شەکرەی منداڵان)، بۆ رێکخستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەیەکی وردی لیستی کەم ئەندامانی کرد لەو رووەوە و نزیکەی (13،000) هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت کە مووچەکانیان راگیرا بوو، دووبارە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران موچەکانیان گەڕاوەتەوە، و چەندین رێنمایی تایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێم دەرچوون بۆ خزمەت کردنی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە میانەی بەشداریکردنی لەو گفتوگۆیە کە لەلایەن وڵاتانی بەشدار لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەرپەرشتی دەکرێ، تیشکی خستە سەر لایەنی پەروەردەیی و وتی: حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە بواری پەروەردە داوە بۆ ئەم مەبەستەش خوێندنی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە بەپێی ئەو پرۆگرامەی کە لە ساڵی 1991 بە ژمارە (٥) دەرچووە و لە ساڵی 2002 هەموار کراوەتەوە، بەم پێیەش خوێندن و راهێنانی جەستەیی و دەروونی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەم ئەندام دابینکراوە وەک (نابینا، ئۆتیزم، کەڕ و ڵاڵ، مەنگۆلی، دواکەوتنی عەقڵی) لە سەنتەری ئۆتیزم مامۆستا و سیستمی خوێندنی تایبەت دابینکراوە، هەروەها لە هەرێم پێنج پەیمانگای تایبەت بە (نابینا، ئۆتیزم، جەستەیی) کراوەتەوە کە نزیکەی (8،906) قوتابی لە خۆدەگرێت لە هەردوو رەگەز لە قۆتاغەکانی: باخچەی ساوایان، بنەرەتی ، ناوەندی ، ئامادەیی ، پیشەیی ، پەیمانگا ، خوێندنی خێرا.
لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی (٢٠١٥) وەزارەتی پەروەردە سیستمی پەروەردەی تایبەتی خستە نێو سیستمی گشتی پەروەردە و لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنا لە وەزارەتەکانی (پەروەردە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تەندروستی، رۆشنبیری و لاوان) و زیاتر لە (٩٠٠) قوتابی لێی سوودمەندن، هەروەها لە مەنهەجی خوێندنیش ئاماژە بە مافی کەم ئەندامان و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵیان کراوە، هەروەها کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی سیستمێکی ئەلیکترۆنی کە گشت زانیارییەکان لە خۆ دەگرێت لەوانەش منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندامان.
زێباری هەر سەبارەت بە گفتوگۆکان لیژنەی رێککەوتننامەی مافی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت وتی: ئەو هەنگاوانەی حکومەتی هەرێممان خستە روو کە بۆ دامەزراندنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندامان لە دامودەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت ئەنجامدراون، چونکە بەپێی ماددە (١٠) بڕگەی (٣) لە یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی پێویستە رێژەی (٥%)ی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە دامودەزگاکانی کەرتی تایبەت و گشتی دابمەزرێن و مەشق و راهێنانیان پێ بکرێت لە بواری وەزیفی و پیشەیی، بەم پێیەش (١٢،٠٦٨) کەس لە خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندام وەک فەرمانبەر لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون، لەوانە بە هۆی پلەی کەم ئەندامییان هاوکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر رێنماییەکانی حکومەت تایبەت بەو فەرمانبەرانەی کە کەسێکی کەم ئەندام یان خاوەن پێداویستیی تایبەت پەروەردە دەکەن و رایگەیاند کە لە پارێزگای هەولێر (١٢٩٦) فەرمانبەر و لە پارێزگای دهۆک (٣٧٣) فەرمانبەر و لە پارێزگای سلێمانی (٢٢٠) فەرمانبەر سوودیان لەو مۆڵەتە وەرگرتووە، هەروەها حکومەتی هەرێم رێنمایی تایبەتی دەرکردووە بۆ ئەو ئافرەتە فەرمانبەرانەی کە کەسێکی کەم ئەندام یان تووشبوو بە نەخۆشییەکی کوشندە بە خێو دەکەن بە پشت بەستن بە راپۆرتی پزیشکیی تایبەت.
زێباری لە وتەکەیدا لە میانەی گفتوگۆکانی لیژنەی (CRPD) ئاماژەی بە حەواندنەوەی کەم ئەندامان کرد لە خانەی داڵدەدان و ئەو رێکخراوانەی تایبەتن لەو بوارە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین خانەی تایبەتی بۆ کەم ئەندامان دامەزراندووە بەپێی یاسای پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەم ئەندامان بەم شێوەیە: (٤) خانە کە توانای داڵدەدانی (٥٠) کەسی هەیە و گشت خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابینکراوە، (٣) خانەی تایبەت بە چاودێری کۆمەڵایەتی کە منداڵان لە تەمەنی یەک ساڵییەوە وەردەگرن، (١٨) سەنتەر و بنکەی فێربوونی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت، (٧) سەنتەری مەشقی پیشەیی بۆ مەشق پێکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت، سەنتەری رۆشنە بۆ کۆمپیۆتەری تایبەت بە نابیستایان.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم ئاسانکاریی زۆری بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی تایبەت بە کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و لەو رووەوە زیاتر لە (45) رێکخراو، سەنتەر، کۆمەڵە هەیە کە لەو بوارەدا کار دەکەن، هەروەها دامودەزگای حکومەی تایبەت بە کەم ئەندامان دامەزراوە، لە بواری تەندروستیش (١٤) نەخۆشخانە و سەنتەر لە سلێمانی و (٥)نەخۆشخانە و سەنتەر لە هەولێر و (٥) نەخۆشخانە و سەنتەر لە دهۆک هەن کە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی پێشکەش بە کەم ئەندامان دەکەن، هەروەها (١٢) سەنتەری پزیشیکی تایبەت بە کەم ئەندامان لە هەرێم هەیە کە (٥٤٤) پسپۆری چارەسەری سروشتی و (٥٦) تەکنیککار تێیدا کار دەکەن.
لە بارەی مافی کەسانی خاوەنی پێداویستی تایبەت لە کاتی راگرتن یان دەستگیرکردنیان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئەوەی روون کردەوە کە بارودۆخیان لەبەرچاو دەگیرێت بۆیە چەند خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش دەکرێت بەشێوەیەکی رۆژانە لەوانە: دابینکردنی جلوبەرگ، شۆردن، ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لە کاتی پێویست، دابینکردنی هۆڵێکی تایبەت بۆیان، شووشتنی جلوبەرگ و سەرتاشین، دابینکردنی دەستشۆری تایبەت بەپێی پلەی کەم ئەندامییان، سەردانی کتێبخانە.
لە کۆتایی وتەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم باسی لە قوربانیانی مین کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی: ئەو مینانەی لە سەردەمی جەنگی عێراق- ئێران لە هەرێمی کوردستان چێنراون ئاستەنگی زۆری بۆ گوندنشینان درووستکردووە و سەرەڕای هەڵمەتە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم بۆ هەڵگرتنەوەیان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا نزیکەی(١٠،٨١٥) کەس بوونەتە قوربانی مین لەوانە (٩٠) کەسیان لە بواری هەڵگرتنەوەی مین کار دەکەن، حکومەتی هەرێم هاوکارییەکی مانگانەیان پێشکەش دەکات، هەروەها پرۆژە یاسایەکی تایبەت ئامادە کراوە تایبەتە بەو کەسانەی لە بواری میندا کار دەکەن و ئەندامێکی لەشیان لە دەست داوە کە ئیمتیازاتی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت لە بواری (موچە، چارەسەر، خوێندن و خانەنشینی).
شایەنی باسە دوێنێ 11/9/2019 لە نووسینگەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ کۆتایی بە گفتوگۆکانی عێراق دێت لە میانی خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD).