ئاگرێك له‌ شاخی گۆیژه‌ كه‌وته‌وه‌

له‌ رێگه‌ی هه‌لیكۆپته‌رده‌ست به‌كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ كراوه‌

پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ئاگر له‌ شاخی گۆیژه‌ (سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ دامێنی شاخی گۆیژه‌) كه‌وته‌وه‌ و بڕێكی زۆر پووش و پاوانی شاخه‌كه‌ سووتا.

دوای كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی سلێمانی گه‌یشتنه‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ رێگه‌ی هه‌لیكۆپته‌ر و كارمه‌ندانی تیمه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ كرد.

به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی به‌رگریی شارستانی سلێمانی، دیار ئیبراھیم له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری تیمه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و توانراوه‌ به‌شی زۆری ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكرێت.

ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تا ئێستا ھۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ نه‌زانراوه‌، جگه‌ له‌ برینداربوونی كارمه‌ندێكی تیمه‌كانیان به‌ ھۆی ئاگره‌كه‌وه‌ زیانی دیكه‌ی نه‌بووه‌ و به‌شێكی زۆری باخ و پاوانی ناوچه‌كه‌ش له‌ سووتان رزگار كراون.