2 تۆمەتبار دەستگیركران كە هەڕەشەی كوشتن و سوتاندنی ماركێتێكیان لە هاوڵاتییەك كردبوو

پۆلیس: تۆمه‌تباران بە فەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 431 لەیاسای سزادان ڕاگیراون


له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك ده‌ست ماڵپه‌ری كوردستان تیڤى كه‌وتووه‌ ، به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگای سلێمانى بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌تیمه‌كانى  بەشی پۆلیسی پێنجوێن دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هەڕەشەی كوشتن و سوتاندنی ماركێتێكیان لە هاوڵاتییەك كردبوو .

پۆلیسی سلێمانى راشیده‌گه‌ێنێت ، هاوڵاتی (ن ، خ ، م ) سكاڵای لەبەشی پۆلیسی پێنجوێن تۆماركرد كە دوو تۆمەتبار هەڕەشەی كوشتن و سوتاندنی ماركێتەكەیان لێكردووە ئەگەر پارەیان وەك سەرانە پێنەدات ، دوای وەرگرتنی فەرمانی  دادوەر بەشی پۆلیسی پێنجوێن لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو توانرا لەماوەی دوو كاتژمێردا هەردوو تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن .

پۆلیسی سلێمانى ده‌شڵێت ، لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ك ،ف ، ق لەدایكبووی 1981 و ر ، ل ، ح لەدایكبووی 1997 ) بە فەرمانی  دادوەرو بەپێی ماددەی 431 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە .

 

 

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز