ژاپۆن رێنمایی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدات

له‌ رێگەی دوو نووسینگەی فرۆكەوانی


بەپێی نوسراوێكی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە و ئاماژە بەوەكراوە بە نوسراوی فەرمانی حكوومەتی ژاپۆن ڤیزا دەدرێتە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

لە نوسراوەكە دا هاتووه‌، كونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە كەوا ڤیزای مانەوەی ماوە كورت بداتە خەڵكی هەرێمی كوردستان، كونسوڵگەری ژاپۆن لە رێگەی دوو نوسینگەی فرۆكەوانی بە ناوی ALVARO و كۆمپانیای DREM WAY كە دوو نوسینگەی باوەڕپێكراون لە لایەن نوسینگەی كونسوڵگەری ژاپۆن مامەڵەی ئەو كەسانە وەردەگیرێت كە دەیانەوێت لە هەرێمی كوردستانەوە گەشت بۆ ژاپۆن بكەن.

لە نوسراوەكەی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەت ئەوەش راگەیاندراوە كە تەنها ئەم خزمەتگوزاریە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و دانیشتوانی پارێزگاكانی تری عێراق لە رێگەی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا دەتوانن مامەڵەی ڤیزا ئەنجام بدەن.

كونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر ئاشكرای كردووە لەمەودوا مامەڵەی وەرگرتتی ڤیزای ژاپۆن لە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عەممان یاخود لە كونسوڵگەری گشتی ژاپۆن لە دوبەی وەرناگیرێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عێراق، جگە لەو هاوڵاتیانەی مۆڵەتی نشینگەیان لە ئیمارات و ئوردن هەیە.

ڤیزای ژاپۆن ده‌درێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بۆ مه‌به‌ستی دیپلۆماسی و فه‌رمی ده‌چنه‌ ژاپۆن، به‌و مه‌رجه‌ی نووسراوی فه‌رمیان هەبێت، هەروەها ڤیزا به‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت، كه‌ له‌لایه‌ن دامووده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی ژاپۆن، یان ئاژانسی جایكا، دامه‌زراوه‌ی ژاپۆنی و ده‌سته‌ی بازرگانی ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن بانگهێشت كراون ڤیزاش ده‌درێت به‌وانه‌ی كه‌ ده‌رفه‌تی خوێندنیان له‌ حكوومه‌تی ژاپۆنه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ یان ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان به‌ هاوكاری مرۆیی به‌ په‌له‌ هه‌یه‌ ڤیزایان پێده‌درێت.

بەنوسراوێك سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان نوسراوەكەی فەرمانگەی پەیوەندیەكان و كونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێری بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان ناردووە بۆ ئاگاداربوون لێی .

39 وڵات كونسوڵگەری و نوسینگە و كونسوڵگەری فەخریان لە هەرێمی كوردستان هەیە كە بەشێكیان ڤیزا دەدەن.

سه‌رچاوه‌: ZNA