مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیر پلاندانانی عێراق کرد


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ وەزیری پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند: تێبینیمان لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان هەیە و نابێت بۆ ئامانجی سیاسی بەکاربهێنرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/9/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق، گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر ببن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لە سەر بنەمای دەستوور ، گوتیشی هیواداریشین سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بە شێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجام بدرێت .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سەرژمێری کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لە بەرچاو بگێرێن ، گوتیشی نابێ سەرژمێری وەکو کارتێکی سیاسی لە دژی هیچ پێکهاتەیەک بەکار بهێنرێت.