له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ 190 كه‌س له‌ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خۆیان كوشتووه‌

ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانی پێشگیری له‌ خۆكوشتنه‌

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئاماری خۆكوشتنی هاوڵاتیانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ ماوه‌ی 8 مانگی ئه‌مساڵی 2019 بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاندوو له‌ ماوه‌ی 8 مانگدا 190 هاووڵاتی كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێناوه‌ و ناسنامه‌یان له‌ ناوه‌ندی ئاماری هه‌نگاو تۆمار كراوه‌.

به‌ پێی ئاماره‌كه‌ بێت له‌ هه‌ر مانگێكدا 23 كه‌س كۆتاییان به‌ ژینی خۆیان هێناوه‌ و له‌ كۆی ئه‌و 190 كه‌سه‌ی كه‌ خۆیان كوشتووه‌ 93 كه‌سیان ژن و 97 كه‌سیان پیاو بوون.

هه‌روه‌ها، 44 كه‌س له‌وانه‌ی كه‌ خۆیان كوشتووه‌ ته‌مه‌نیان ژێر 18 ساڵ بووه‌ كه‌ 25 كه‌سیان كچ و 19 كه‌سیان كوڕ بوون، هه‌روه‌ها به‌ پشتبه‌ستن به‌و ئاماره‌، 10 كه‌سی سه‌رووی 50 ساڵی خۆیان كوشتووه‌ كه‌ 7 كه‌سیان پیاو و 3 كه‌سیان ژن بوون.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ 10ی سێپتێمبه‌ر وه‌كوو ڕۆژی جیهانیی پێشگیری له‌ خۆكوشتن ناودێر كراوه‌.