وەزارەتی بەرگری عێراق: 8 چه‌كداری داعش له‌ موسڵ كوژران

له‌ ئاكامی هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە لە ئاكامی هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە رێكخراوی داعش بۆسەر پاشماوەكانی رێكخراوەكە لە سنووری پارێزگای موسڵ، هەشت  چه‌كدار كوژراون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەكردووە، پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ ، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە رێكخراوی داعش، پاشماوەكانی رێكخراوەكەیان لە دوورگەی حاوی ئەسلان سەربە ناحیەی حەمام عەلیل باشووری پارێزگای موسڵ بۆردومانكردووە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی بۆردومانەكەدا، هەشت چه‌كداری داعش كوژراون.