وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

وێنه‌یه‌ك بۆ مالپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه‌

له‌راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ى بوونى نزیكه‌ى 5 هه‌زار ده‌ستگیر كراوی كه‌ركوك له‌هه‌ولێر و سلێمانى وه‌ڵامی  پێگه‌ و میدیا عه‌ره‌بیه‌كان ده‌داته‌وه‌ 


 وه‌زاره‌تى ناوخۆی هه‌رێم رایده‌گه‌ێنێت ،  ئه‌و میدیایانه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری و ژماره‌ی چه‌واشه‌كاری و نادرووستیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پشتیان به‌ لێدوان و قسه‌ی دوور له‌ راستی و نابه‌رپرسانه‌ی كه‌سانێك به‌ستووه‌، كه‌ به‌رده‌وام بێده‌نگ بوونه‌ له‌ بارودۆخه‌ سه‌خته‌كان، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ خه‌ریك بوو بكه‌وێته‌ بنده‌ستی دڕنده‌ترین دوژمن له‌ مێژووی نوێی مرۆڤایه‌تی كه‌ (داعش) بوو، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش نه‌بووایه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌شڵێت ئه‌و راپۆرتانه‌ قه‌وانی سواون و ناوه‌ ناوه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌. داواش له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات به‌ ته‌واوی ئاراسته‌كانیان، به‌ر له‌ دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ ورد بن كه‌ پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێك ئاماده‌كراون و ده‌یانه‌وێ ناوبانگی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن.

 راشیده‌گه‌یه‌نن ،  بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی دانیشتووانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ده‌رگای به‌ندیخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

 له‌به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆدا هاتووه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ تۆمه‌ته‌ بێبنه‌مایانه‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌، پشت به‌ بانگه‌شه‌ سواوه‌كانی كه‌سانی وه‌كو راكان جبووری ده‌به‌ستن، كه‌ ته‌واوی رێكاره‌كانی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسا و نه‌ریته‌كانه‌ له‌ ته‌عریب و ده‌ربه‌ده‌ركردن، داگیركردنی زه‌وی و زار و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و ماڵی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركووك.

له‌ كۆتادا وه‌زاره‌تى ناوخۆ رایده‌گه‌ێنێت ، بۆ هه‌موو لایه‌ك دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و لێدوانه‌ نه‌رێنییانه‌، ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خودی ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئیراده‌ی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌هێزتر ده‌كات، هه‌ر وه‌كو به‌ڵێنماندابوو، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ لانكه‌یه‌كی ئارام بۆ هه‌موو چه‌وساوه‌كان به‌بێ جیاوازی.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز