له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان نرخی په‌تاته‌ دوو هێنده‌ گران بووه‌

گرانبوونه‌كه‌ به‌هۆی زۆری ڕێژه‌ی بارانی ئه‌مساڵ بووه‌

نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ نرخی په‌تاته‌ له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ى نرخى پێشووى، به‌رپرسێك وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ بارانبارین ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. هه‌فته‌ی ڕابردوو نرخى په‌تاته‌ له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا پێنجسه‌د دینارى عێراقى بوو، به‌ڵام ئێستا به‌ نرخه‌كه‌ى گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌زار دینار. حوسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند ئه‌مساڵ ڕێژه‌یه‌كی زۆر باران باریووه‌ ‌و ئه‌مه‌ش زیانی زۆری له‌و زه‌وییانه‌داوه‌ كه‌ به‌ تۆوی په‌تاته‌ چێندرابوون، بۆیه‌ به‌رهه‌می په‌تاته‌ كه‌میكردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ بڕی به‌رهه‌می په‌تاته‌ حوسێن حه‌مه‌ كه‌ریم، ڕایگه‌یاند هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ پێویستی به‌ سه‌د هه‌زار تۆن په‌تاته‌یه‌ ‌و ساڵانی ڕابوردوو دووسه‌د و په‌نجا هه‌زار تۆن په‌تاته‌ به‌رهه‌مهاتووه‌، به‌ڵام له‌سه‌دا حه‌فتای به‌رهه‌می په‌تاته‌ ده‌چێته‌ خوار وناوه‌ڕاستی عێراق.