پێشبینی ده‌كرێت قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنان له‌م كابینه‌یه‌دا له‌ 45 ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ 80 ملیار دۆلار زیاد بكات

وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌

یاسین مه‌حموود، گوته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، رایگه‌یاند : وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، به‌تایبه‌تی دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم و گوێبیست بوونمان بۆ كارنامه‌كه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كردوومانه‌ وه‌به‌رهێنانێكی زۆر جۆریی نه‌بوو، راسته‌ بایی زیاتر له‌ ٤٥ ملیار دۆلار مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان هه‌یه‌، وه‌كو سێكته‌ره‌كانی بازرگانی، نیشته‌جێبوون، گه‌شتوگوزار، په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ بواره‌كانی دیكه‌شدا. وه‌به‌رهێنانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هاوبه‌شیشه‌وه‌ رێژه‌ی ٢٥ له‌سه‌دی كۆی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنان تێپه‌ڕ ناكات. به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ دوو بواری سه‌ره‌كی ده‌كرێت له‌م رووه‌وه‌، ئه‌وانیش بریتیین له‌؛ یه‌كه‌م كار بۆ زیادكردنی وه‌به‌رهێنانی بیانیی ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشه‌یه‌كی زۆر هه‌ن، له‌هه‌ندێك وڵاتدا به‌هۆی قه‌یرانی دارایی، له‌هه‌ندێك وڵاتی وه‌كو ئێران به‌هۆی سزاكانی سه‌ری، له‌ سوریا كه‌ به‌ بارودۆخی شه‌ڕدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ توركیاشدا كێشه‌ی دراو هه‌یه‌ و یاریی ده‌كات، ئه‌مه‌ وا ده‌كات به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێناندایه‌، وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ روو بكه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان.

گوتیشی: پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا رێژه‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانیی له‌ رێژه‌ی ٢٣ له‌سه‌ده‌وه‌ بۆ ٤٠ له‌سه‌د به‌رزببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌. هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كه‌ین قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانیش له‌م كابینه‌یه‌دا له‌ ٤٥ ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ ٨٠ ملیار دۆلار زیادبكات.