به‌غدا 40 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌كرد

پاره‌كه‌ هی گه‌نمی ڕاده‌ستكراوی ئه‌مساڵه‌

وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی ڕاگه‌یاند حكومه‌تی عێراق بڕی چل ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌ولێر و سلێمانی ناردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك بڕی بیست ملیار دیناره‌ و له‌چه‌ند رۆژی داهاتووشدا ده‌ستده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی. نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوبه‌ری دیوانی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم به‌ كوردستان تیڤی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌غدا بڕی چل ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی نارد و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌پێی خشته‌یه‌ك دابه‌شده‌كرێت. سه‌باره‌ت به‌ به‌شێك له‌ پاره‌ی گه‌نمى جوتیارانى ساڵانی دووهه‌زار و چوارده‌ و پازده‌ و شازده‌ كه‌ لای حكومه‌تی عێڕاق ماوه‌ ڕایگه‌یاند تا ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ و ره‌زامه‌ندی ناردنی پاره‌كه‌ نه‌دراوه‌. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ دوازده‌ی ته‌مموز بڕی پازده‌ ملیار دینار و له‌ هه‌فته‌ی رابردووشدا سی ملیار دیناری دیكه‌ی پاره‌ی ئه‌مساڵی گه‌نمی جوتیارانی بۆ هه‌رێم ناردووه‌.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی - سیامه‌ند كه‌ریم