ئه‌مه‌ریكا.. به‌هۆی كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی فڕۆكه‌یه‌كی گه‌شتیاری ناچار به‌ نیشتنه‌وه‌ بوو

فڕۆكه‌كه‌ هه‌ڵگری 284 سه‌رنشین و 7 كه‌س له‌ ستافی فڕۆكه‌ بووه‌

فڕۆكه‌یه‌كی گه‌شتیاری هێلی هاوایی ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌ ئۆكله‌ند به‌ره‌و كالیفۆرنیا له‌ گه‌شتدا بوو به‌هۆی كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی ناچار بوو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی شاری هانولولو بنیشێته‌وه‌.

فڕۆكه‌كه‌ هه‌ڵگری 284 سه‌رنشین و 7 كه‌س له‌ ستافی فڕۆكه‌ بووه‌، دوای ئه‌وه‌ی دووكه‌ڵێكی ڕه‌ش دێته‌ ناو كابینه‌ی فڕۆكه‌، فڕۆكه‌وان به‌ ناچاری له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هانولولو داده‌به‌زێت.

سه‌رۆكی تیمی ئاگركوژێنه‌وه‌ی فڕكه‌خانه‌ی هانولولو ڕایگه‌یاند:  سه‌رنشینه‌كان به‌ خێرایی له‌ لایه‌ن تیمی ئاگركوژێنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ڕزگار كراون، به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌ 11 گه‌شتیار تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ده‌بن و 7 كه‌س ڕه‌وانه‌ نه‌خۆشخانه‌ كراون هه‌روه‌ها منداڵێكی ته‌مه‌ن 9 مانگ له‌ناو ئه‌و فڕۆكه‌یه‌دابوو كه‌ به‌هۆی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌.