توركیا.. ناڕه‌زایی هه‌ده‌په‌ و كاردانه‌وه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان درێژه‌ی هه‌یه‌

ئه‌مڕۆش سووربوونی خۆیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان و خستنه‌ڕووی ناڕه‌زایی نيشاندا

ناڕه‌زایی هه‌ده‌په‌ و كاردانه‌وه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی ئامه‌د و میردین و وان له‌ توركیا درێژه‌ی هه‌یه‌. 

دوای بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا به‌ دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ ئامه‌د و مێردین و وان و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی توركیاوه‌، پارتی دیموكراتی خه‌ڵك هه‌ده‌په، له‌لایه‌ك و پارته‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایی توركیا و خه‌ڵكی كورد له‌ شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و خۆپیشاندانیان كرد، كه‌ ‌له‌ ژماره‌یه‌ك گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانه‌كاندا گرژی و ئاڵۆزی نیوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌ و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ سه‌دان كه‌س ده‌ستگیركران. 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌یامنێری كوردستان تیڤی له‌ ئامه‌ده‌وه‌ پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ ئه‌مڕۆش ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هه‌ده‌په‌ بۆ نیشاندانی ناڕه‌زایی له‌به‌رامبه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان گردبوونه‌وه‌ به‌شداربووانی گردبوونه‌وه‌كه‌ش سووربوونی خۆیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان و خستنه‌ڕووی ناڕه‌زایی نيشاندا.