توركیا: بە هیچ شێوەیەك ئیدلب جێناهێڵین

ئەردۆغان: هێرشی سووریا لە ئیدلب كارەساتی مرۆیی گەورە دەخوڵقێنێت

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، سەربازانی وڵاتەكەی ئەو خالە چاودێریەی سووریا جێناهێڵن، كە لە ئێستادا لە لایەن هێزەكانی سوپای سوریاوە گەمارۆدراوە لە باشووری ئیدلیب.

پاش چەند خولەكێك لە راگەیەندراوێكی حكومەتی دیمەشق، سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنەوەی دوایین ناوچەی حەما لە باكوری سوریا و كۆنترۆڵكردنی ناوچەی مورك كە خاڵێكی چاودێری سه‌ربازی توركیای تێدایە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند"بە هیچ شێوەیەك ئەو ناوچەیە جێناهێڵین".

هه‌ر ئەمڕۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و هاوتا رووسیەكەی فلادیمێر پۆتین، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداو تیایدا سەرۆكی توركیا هۆشداری خۆی لەسەر هێرشەكانی رژێمی سوریا لە پارێزگای ئیدلب بە سەرۆكی روسیا راگەیاندو وتى" شكاندنی ئاگربەست لەلایەن رژێمی سوریاوە لە پارێزگای ئیدلب دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی كارەساتی مرۆیی گەورە لە سوریا و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا.