وەزیری كشتوكاڵ: په‌ره‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌ده‌ین

هەموو هەوڵەکان دەخەینە گەڕ


وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم رایگه‌یاند: دەستبەردارى سیاسەتى خۆبژێوى یان لانى کەم نیمچە خۆبژێوى نابین و هەموو هەوڵەکان دەخەینە گەڕ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2019 بێگەرد تاڵەبانی، لەوۆرك شۆپێكی تایبەتدا لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو ڕایگەیاند: گرنگی تەواو بە ئاسایشی ئاو و خۆراك دەدەین و كار بۆ بەبازاركردنی بەروبوومی ناوخۆیی دەكەین و هەوڵ دەدەین كە بوار بڕەخسێنین بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتیش بەشداری لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكان بكات.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان لە وۆرک شۆپێكه‌دا لەبارەی پەرەپێدانی كشتوكاڵ و دواتریش لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەکرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەھۆی قەیرانی دارایی كێشه‌ دروستبووه‌، گوتى: هه‌وڵی ئه‌وه‌ دەدەین و هەموو هەوڵەکان دەخەینە گەڕ بۆ پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ.

وەزیرى کشتوکاڵ بەپێویستى دەزانێت پەنجە بخرێتە سەر كەموكوڕییەكانی رابردوو، لەپێناو داڕشتنى ستراتیژییەکى روون بۆ كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو  گوتیشى: بە پەرۆشین کە بەرهەمى خۆماڵى جوتیاران خەسار دەبێت، بەڵام پلان دادەڕێژین بۆ گرنگیدان بە بەروبومەکانیان بۆ بازاڕکردن و پیشەسازى خۆراک و لە ساڵى ئایندە ئەنجامى کارەکانمان دەبینرێت.

وەزیرى کشتوکاڵ گوتشی: سوود لە زانیاری سەردەم وەردەگرین و ڕێگر دەبین لە ڕۆتین و گەندەڵی و هەلی كار لەڕێگەی پرۆژە كشتوكاڵییەكانەوە دەرخسێنین و پلانێكی ستراتیژی بۆ چوارساڵی ئایندە لەبواری كشتوكاڵدا دادەڕێژین.