وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: ئه‌گه‌ری زۆره‌ تره‌مپ بۆ 4 ساڵی تر جیهان بێزار بكات

ئێران بۆ ئیسرائیل زۆر گه‌وره‌یه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ بۆ ٤ ساڵی تر له‌ سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی بمێنێته‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، زه‌ریف له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكی فه‌رمیدا بۆ ستۆكهۆڵم له‌گه‌ڵ هاوتا سویدییه‌كه‌ی مارگۆت واڵسترۆم كۆبوویه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوو وه‌زیر پرسی كه‌ناڵی دارایی INSTEX كه‌ بۆ بازرگانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئه‌ورووپا دروست كراوه‌، ئاسایشی كه‌نداوی به‌سڕه‌، رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و پێشهاته‌كانی ئه‌فغانستان و یه‌مه‌نیان تاوتوێ كردووه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران جگه‌ له‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی سوید و یه‌كێتی ئه‌ورووپا ئان لیند باسیان له‌ دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌كان كردووه‌.

شه‌وی رابردوو زه‌ریف له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئێران له‌ ستۆكهۆڵم له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی ئێرانی سوید كۆبۆته‌وه‌ و باسیان له‌ پێشهاته‌كان كردووه‌.

 له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زه‌ریف له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا بۆ ئه‌گه‌ری سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ گوتی، "سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كانی پاراستن له‌ دوورمه‌ودادا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت سوود به‌ ئابووری ئه‌مریكا بگه‌یه‌نێت. ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تره‌مپ بۆ ٤ ساڵی تر جیهان بێزار بكاته‌وه‌".

زه‌ریف له‌باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ده‌ڵێت، "ئێران بۆ ئیسرائیل زۆر گه‌وره‌یه‌. ئه‌گه‌ر ریفۆرمیست، موحافیزكار یان سیكولاره‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بن له‌ ئێران، بۆ ئیسرائیل گرنگ نییه‌. ئێران كه‌ ٤٠ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌، بۆ ئیسرائیل مایه‌ی ته‌حه‌مول كردن نییه‌".

 له‌لایه‌كی تره‌وه‌ زه‌ریف ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ سه‌ردانی یه‌كشه‌ممه‌دا بۆ كوێت له‌گه‌ڵ به‌رپرساندا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌گه‌ر سعوودیه‌ قبوڵی بكات دانوستانه‌كانی ده‌ستپێبكات ئه‌وا ئێران ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌ و گوتی، "به‌رپرسانی سعوودیه‌ لێدوانی سه‌یر ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن "زه‌ریف كاریگه‌ر نییه‌. كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانییه‌"، منیش په‌یامی ئه‌وه‌م نارد، "ده‌ی كه‌واته‌ با قاسم سوله‌یمانی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ چاوپێكه‌وتن بكات".