ئەڵمانیا ژمارەیەک ژن و منداڵی داعش وەردەگرێتەوە

عێراق داوای لەوڵاتانی ئەوروپا کردوه‌ دەستگیرکراوانی داعش وەرگرنەوە

ئەمڕۆ حکومەتی ئەڵمانیا لەڕێگەی دەروازەی سیمێلکای نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەک ژن و منداڵی چەکدارانی رێکخراوی داعش وەردەگرێتەوە کە بەرەگەز ئەڵمانین و لە چەند مانگی رابردوودا لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا بوون.

لەماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق داوای لەوڵاتانی ئەوروپا کرد دەستگیرکراوانی داعش و خێزانەکانیان وەرگرنەوە، چونکە بەهۆی کەمی جێگا و زۆری دەستگیرکراوەکان ئەگەری هەڵهاتنیان زۆرە.

لەوبارەیەوە شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاندوە" بۆ وەرگرتنەوەی ژن و منداڵانی داعش گفتوگۆمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەردەوامە، بەداخەوە هەموویان وەکو پێویست نایەنە پێشەوە حکومەتی ئەڵمانیا 20 گیراوی کەسوکاری چەکدارانی داعش وەردەگرێتەوە کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانین". 

بەگوێرەی راپۆرتی تەندروستی جیهانی؛ تاوەکو ئێستا 29 منداڵ لە کەمپی هۆل بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستییانەوە گیانیان لەدەستداوە.

شێخمووس ئەحمەد راشیگەیاند" لەکەمپەکانی پەنابەران سێ تیمی تەندروستی مانگی سوری کوردی، خاچی سور و بنکەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی کاردەکەن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە و سنورداریی پێداویستییە تەندروستییەکان، پێویستییان بە هاوکاری زیاترە.

بەگوێرەی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ، لەنێوان 10 هەزار گیراودا، سێ هەزار منداڵ و حەوت هەزار ژن لە کەمپی هۆل خەڵکی دەرەوەی عێراق و سووریان، زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی رووسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندان.