سەرۆکی یەکێتی زانایان: ناکرێ مینبەر بۆ تەشهیرو یەکتر شکاندن و ململانێ و کاردانەوە بەکار بێت

داوا لەمامۆستایانی ئایینی دەکەم وەک ئەندامی یەک خانەوادە و بەگیانی تەواوکاری سەیری یەکتر بکەن


لەو چەند رۆژەی رابردوو لە ئەنجامی کاردانەوە لەسەر گۆرانیەک چەند مامۆستایەک کەوتنە وڵامدانەوەی یەکترو لەسەر مینبەر بابەتەکەیاند وروژاند، ئەمەش کاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناو بووە بابەتی گەرمی راگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا، لەبەدواداچوونی ئەو پرسە یەکێتی زانایان بۆچوونی خۆی سەبارەت بەو بابەتە دەخاتە روو


 د. عه‌بدوڵڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند: ئەوەی لە ماوەی رابردوو روویدا کاردانەوە بەدوای کاردانەوە شتێکی باش نیەو کاریگەری خراپ دروست دەکات، بەتایبەت لەنێوان مامۆستایانی ئایینی، بەداخەوە زۆرجار لە ئەنجامی قسەکردن لەسەر بابەتێک شێوازێکی نادروست و تەشهیرو یەکتر شکاندن بەکار دێت، ئەمەش وێڕای ئەوەی هەنگاوێکی نەرێنیە لەهەمان کات پێچەوانەی بەهای جوانی ئیسلامیشە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: مینبەر شوێنی گەیاندنی پەیامی ئایینی ئیسلام و تێگەیاندن و وەبیرهێنانەوەی ئامۆژگاری ئایینە، نەک شکاندنی یەکترو خۆشکردنی زەمینەی ململانێ و نانەوەی دووبەرەکی و دووبەرەیی و خۆسەپاندن و جەبهە لێکگرتن و تێکهەڵکێش کردنی بابەتی تایبەتی و لاوەکی و گەرمکردنی بازاڕی کاردانەوەو وەڵامی یەکتر.


سەرۆکی یەکێتی زانایان ئەوەشی گووت: کە نابێ لەو نێوەدا پشگیری یەکێک لەدژی ئەوەی تر بکرێت، چونکە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارەو کۆمەڵگە دابەش دەکاو، بیانووش دەداتە دەست کەسانی تر بۆ لێدان لە دین و شکاندنی مەلاو مزگەوت و مینبەر، بۆیە دەبێ مامۆستایان بەحیکمەتەوە هەنگاو بنێنن، چونکە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) پێشەنگی هەموو لایەکمانەو چوارچێوەی گرنگ و گەورەی زانستی بۆ بەجێ هێشتووین سەبارەت بەکاری دەعوەو گەیاندنی پەیامی ئیسلام ناکرێ بەسەریانەوە باز بدەین، چونکە ئەو وەک پێشەوای ئۆممەت قەت ناوی کەسی نەبردووە، بەڵکو ئاماژەی بەوە کردووە (ما بال أقوام یفعلون كژا وكژا).


هەروەها راشیگه‌یاند بەو جۆرە شێوازو دەربڕینە نەگونجاوە نەک ناگەین بە ئامانج و ئەنجام، بگرە دواجار وێنایەکی ناتەندروست و سیمایەکی ناشیرین دێتە کایەوە، ئاساییە مامۆستایەک سەرنجی لەسەر ئەدای مامۆستایەکی تر هەبێ، بەڵام گەیاندنی ئامۆژگاری و راستکردنەوەی یەکتر چوارچێوەی خۆی هەیەو دەبێ بەو پەڕی رێزگرتن و بە زمانێکی نەرم و برایانە مامەڵە بکرێت، مینبەر شوێنی ئەو شتانە نیە کە ڕوویدا، هەروەک زمانی توندو زبرو ناوهێنانی خەڵک لەگەڵ پەیامی مینبەر یەک ناگرێتەوە.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لە دوا پەیامی خۆی سەبارەت بەدووبارە نەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە گوتی: داوا لەهەموو مامۆستایانی ئایینی دەکەم وەک ئەندامی یەک خانەوادە و بەگیانی تەواوکاری سەیری یەکتر بکەن، هەر تێبینی و پەیامێکیشیان هەیە بەرێگەی گونجاو بیگەیێنن، چونکە زانایان رێزدارو خاوەن پێگەی تایبەتی خۆیانن و وەک موڵکی گشتی هەژمار دەکرێن، داواش لە وەزارەتی ئەوقاف دەکەم هەوڵی جدی بدات بۆ رێگری لەو حاڵەتانەو رێکاری پێویست لەو بارە بگرێتە بەر.


 شوان عه‌زیز