قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خانووە رووخاوەكانی موسڵ ده‌ستيپێكرد

680 خانوو دەگرێتەوە


پارێزگای موسڵ مەنسور مەرعید رایگەیاند، قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خانووە رووخاوەكانی ناوچەی كۆن لە بەشی راستی مووسڵ دەستپێكراوە كە 680 خانوو دەگرێتەوە و لە لایەكی دیكەوە لیژنەی قەربووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی پارێزگاكە رایگەیاند كە پارەی بەسەر 370 كەس كە لە ئەنجامی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەینەوا زیانیان بەركەوتووە دابەشكردووە.

مەنسور مەرعید لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی نیمچەفەرمی "ئەلسەباح" ئاشكرایكردووە، تیمەكانی ئەندازیاری و هونەری لە شارەوانیی نەینەوا بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیاكانی فاو و سەعد، دەستیانكرد بە قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خانووە رووخاوەكان لە ناوچەی كۆن لە بەشی راستی مووسڵ.

پارێزگای نەینەوا، مەنسور مەرعید ئاماژەی بەوەشدا، تەواوكردنی قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خانووە رووخاوەكان لە ناوچەی كۆن لە بەشی راستی مووسڵ ماوەی هەشت مانگ دەخایەنێت كە 680  خانوو دەگرێتەوە.

ناوبراو گوتیشی: لە ماوەكانی داهاتوودا قۆناغی دیكەی پڕۆسەی پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خانووە رووخاوەكان لە مووسڵ دەست پێ دەكات بۆ ئەوەی خێزانە ئاوارەكان بتوانن لە میانی چەند مانگی داهاتوودا بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

لە لایەكی دیكەوە، سەرۆكی لیژنەی قەربووكردنەوەی زیانلێكەوتووان لە پارێزگای نەینەوا، سەعد نعێمی بە رۆژنامەی نیمچەفەرمی "ئەلسەباح"ی راگەیاندووە كە لیژنەكەیان دەستیكردووە بە دابەشكردنی پارە بەسەر 370  كەس كە لە ئەنجامی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی نەینەوا زیانیان بەركەوتووە.

سەعد نعێمی ئاشكراشیكرد لە میانی هەفتەی داهاتوودا، پارە بەسەر ژمارەیەك كەسی دیكە دابەش دەكرێت كە ئەوانیش لە ئەنجامی پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ زیانیان بەركەوتووە.