حەلبوسی جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی ئەمنی نێوان واشنتۆن و بەغدا دەكاتەوە

لە میانی پێشوازیكردن و كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا


سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لە میانی پێشوازیكردن و كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ماسیۆ تولەر جەختیكردەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگی ئەمنی نێوان واشنتۆن و بەغدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوكراوەتەوە لە میانی كۆبوونەوەی نێوان هەردوولا گفتوگۆ لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری هەردوولا لە بواری ئەمنی، هەروەها تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی و نێودەوڵەتی كراوە. 

حەلبوسی جەختی لەسەر گرنگی بەرفراوانكردنی زیاتری هاوكاری و هەماهەنگی هەردوو وڵات كردووەتەوە لە بواری ئەمنی و هەواڵگیریدا بۆ بنەبڕكردنی تیرۆر و لەنابردنی پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهان كردووە، جەختیشكراوەتەوە لەسەر كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا، داواش كراوە لە رێگای گفتوگۆوە چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان بكرێت.

لە لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا پابەندبوونی وڵاتەكەی لە پشتیوانیكردنی عێراق بۆ بنەبڕكردنی تیرۆر، هەروەها هاوكاریكردن و مانەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكان كردەوە.